سۆزان حەمەتاتە
حەشدی شەعبی بۆ بارودۆخی ئێستای عێراق و هەرێمی کوردستان مەترسییەکی گەورەیە، بەوردبوونەوە لە کار و کاردانەوەکانی ئەو هێزە دەتوانین سێ خاڵ باسبکەین:
یەکەم: ئەو هێزە جۆرێکە لە دەوڵەتی قووڵ و سەرکردەکانیان لە پشت زۆرێک لە بڕیارەکانی حکومەتی عیراقەوە و دەستوەردان لە کاروبارەکانی حکومەت و سیاسەتی ئەمنیی وڵات و سەرۆک وەزیران دەکات، ئەوەیش وایکردووە عێراق بەردەوام لەبەردەم مەترسیی تەقینەوەدا بێت.
دووەم: بۆ هەرێـی کوردستان مەترسییە، چونکە دژی بەهێزبوونی پێشمەرگە و پێگەکەیەتی، هەروا بەو پێیەی هەرێمی کوردستان نزیکایەتیی لە ئەمەریکا و بەشێک لە وڵاتانی رۆژئاوا هەیە، بۆیە بەردەوام دەیەوێت لاوازی بکات و دووچاری گرفت بکات.
سێیەم: ئەو بۆردوومان و هێرشانەی دەکرێتە سەریان بەهۆی ئەوەیە پرۆ ئێرانین و راستەوخۆ و ناڕاستەوخۆ لە پشت ئەجێندای ئێرانییەوەن لە عێراق، بۆیە وا دەبینین وڵاتیان دووچاری کێشەی گەورە کردووە و پریشکی شەڕی ئەمەریکا و ئیسرائیل و ئێران گەیشتووەتە ناوخۆی عێراق و زیانی زۆر بەر بارودۆخی سیاسی- ئەمنی و ئابووریی عێراق کەوتووە.
لە دەستپێکردنی هێرشەکانی سەر ئێرانەوە، حەشدی شەعبی و میلیشیاکانی دیکەیش لە قۆڵ و بەشێوەی جیاجیا هێرشدەکەنە سەر هێزەکانی پێشمەرگە و شارە جیاوازەکانی هەرێمی کوردستان، ئەوەیش کاریگەریی جۆراوخۆری نەرێنی هەیە لەسەر:
یەک: رەوشی ئەمنی و ژیانی کۆمەڵایەتیی خەڵک دروستکردووە و ئەگەر وا بڕوات ناسەقامگیریی زیاتر بەدوای خۆیدا دەهێنێت.
دوو: خوێندن لە هەموو ئاستەکاندا پەکی کەوتووە و ئەوەیش زیانی زۆری بۆ ئاستی زانستیی خوێندکارەکانمان دەبێت و تا ساڵانی دیکەیش کاریگەرییەکانیان هەر دەمێنێت.
سێ: کاریگەریی زۆری بۆ سەر رەوشی ئابووری و جووڵەی بازرگانی هەیە و ئەوەش بارگرانیی سەر شانی خەڵک زیاتر دەکات.
چوار: ئەگەر ئەو بارودۆخە ئاوا بڕوات و حەشدی شەعبی واز لە کارە دزێوانەی نەهێنێت، ئەوا وردە وردە هەرێمی کوردستان لەو شەڕە تێوەدەگلێ و ئەوسا زیانی زۆر گەورەی دەبێت.
یەکێک لە داواکارییەکانی ئەمەریکا هەڵوەشاندنەوەی حەشدی شەعبییە، بێگومان ئەوە یەکێک لەو داوا و فشارانەیە بۆ سەر هێزە شیعەکان، هەروەها کورتکردنەوەی دەستیان لەناو حکومەتی داهاتووی عێراقدا، بێگومان ئەگەر ئەوە بچێتە بواری جێبەجێکردنەوە ئەوا بۆ هەرێمی کوردستانیش سوودی دەبێت و مەترسییەکانی کەمتر دەبنەوە، جگە لەوەیش وا باشترە هەرێمی کوردستان ئامادەی ئەوە بێت ئەگەر فشار و هێرشەکانیان لەئێستا و داهاتوودا بەردەوام بوون، ئەوا سنوورێکیان بۆ دابنێت و شەڕیان بە شەڕ وەڵام بداتەوە.