مەودا میدیا-
ئەندامێکی پەرلەمانی عیراق لە فراکسیۆنی هەڵوێست وەڵامی لێدوانەکەی پارێزگاری هەولێر سەبارەت بە بەرزبوونەوەی نرخی سووتەمەنی لە سەرتاسەریی عیراق دایەوە.
غالب محەمەد عەلی، ئەندامی پەرلەمانی عیراق بە مەودا میدیای راگەیاند “بەهیچ شێوەیەک نرخی سووتەمەنی بە تایبەت بەنزین نرخەکەی بەرزنەبووەتەوەو نرخی هەر لیترێک بەرانبەر 450 دینار دەدرێت بە شۆفێران و هیچ بڕیارێک نییە بۆ بەرزکردنەوەی نرخی سووتەمەنی لەلایەن حکومەتی عیراقەوە”.
ئاماژەی بۆ ئەوەشکرد “ئومێد خۆشناوی پارێزگاری هەولێر لەگەڵ هاوڵاتییان راستگۆ نییە و دەبوو پارێزگار بەدواداچوونی بۆ ئەو 50 هەزار بەرمیل نەوتەکەی بکردایە کە لەلایەن حکومەتی عیراقەوە بۆ هەرێم دابیندەکرێت تاوەکو بەنزین بە نرخی پاڵپشتیکراوی حکومی بدرێت بە هاوڵاتییان”.
ئەوەشی خستەڕوو “کۆمپانیاکانی کار و پاڵاوگەی لاناز ئەو 50 هەزار بەرمیل نەوتە پاڵاوتە دەکەن و بەنزینی کوالێتی بەرز بە تورکیا دەفرۆشن و ئەوەی دەەمێنێتەوە بە کوالێتییەکی خراپ بە نرخێکی گران بە هاوڵاتییانی هەرێمی کوردستانی دەفرۆشنەوە”.
ب ح