خوێنڕێژترین پیاوی سەدام كۆچی دوایی كرد و پرسەكەشی لە هەولێر بۆ دادەنریت

مەودا میدیا-
فەریق تاهر جەلیل حەبوش كە یەكێك بوو لە خوێنڕێژترین پیاوەكانی بەعس و دواین سەرۆكی دەزگای هەواڵگریی گشتیی عیراق بوو لە سەردەمی رژێمی پێشووی بەعس، كۆچی دوایی كرد و پرسەكەشی لە شاری هەولێر بۆ دادەنرێت.

بەپێی هەواڵی هەندێك لە سەرچاوە عیراقییەكان، شەوی رابردوو فەریق تاهر جەلیل لە تەمەنی 76 ساڵیدا كۆچی دوایی كردووە، هەرچەندە ئاماژە بەوە نەكراوە كە لەكوێ‌ كۆچی دوایی كردووە، بەڵام ئاماژەیان بەوە داوە كە پرسەكەی لە مزگەوتی جەلیل خەیات لە شاری هەولێر لە رۆژی 4ی نیسان واتا سبەینێوە بۆ ماوەی سێ‌ رۆژ بۆ دادەنرێت.

تاهر جەلیل ساڵی 1950 لە شاری تكریت لەدایكبووە، دەرچووی كۆلێژی پۆلیس بووە و بڕوانامەی یاسای لە زانكۆی بەغدا بەدەستهێناوە، دوای پەیوەندیكردنی بە حزبی بەعسەوە، بەهۆی دڵسۆزی بۆ سەدام و حزبەكەی، چەندین پۆستی هەستیاری وەرگرتووە كە دواینیان سەرۆكی دەزگای هەواڵگری عیراق بووە و تا كاتی ئازادكردنی عیراق لە ساڵی 2003 لەو پۆستەدا ماوەتەوە و یەكێك بووە لەو كەسانەی كە ناوی لە لیستی داواكراوەكانی ئەمەریكادا هەبووە.
ئ پ

بابەتی تر

نوێترین هەواڵەکان