ژنێکی میسری لە تەمەنی ٨٣ ساڵیدا بڕوانامەی دکتۆرای بەدەستهێنا

مەودا میدیا- نەسیم کاکە

ژنێکی میسری لە تەمەنی ٨٣ ساڵیدا بڕوانامەی دکتۆرای بەدەستهێنا و دەڵێت تەمەن لەبەردەم بەدیهێنانی خەونەکانی مرۆڤ رێگر نییە، بەڵام کۆششی زۆر و بەردەوامی دەوێ.

ئامال ئیسماعیل، ژنێکی تەمەن ٨٣ ساڵی میسرییە و بەهۆی بەدەستهێنانی بڕوانامەی دکتۆراوە لەو تەمەنەدا، بووەتە جێگەی باسوخواسی راگەیاندنەکان و وەکوو چیرۆکی سەرکەوتن قسەی لەسەر دەکرێت.

بەپێی قسەی ئامال ئیسماعیل ئەگەر کۆششی بەردەوام هەبێت، ئەوا “ئیرادەی راستەقینە شکست بە کات دەهێنێت و دەیگۆڕێت بۆ بەدەستهێنانەوەی خەونە لەدەستچووەکان”.

ئامال سەعید لە کۆلیژی ئادابی زانکۆی مەنسورە لە تەمەنی ٨٣ ساڵیدا بڕوانامەی دکتۆرای بەدەستهێنا، لە لێدوانێکیدا تایبەت بە ماڵپەڕی ئەلعەرەبییە دەڵێت “بەدەستهێنانی ئەو بڕوانامەیەم لە تەمەنی ٨٣ ساڵیدا، پەیامێکە بۆ هەموو ئەو کەسانەی کەوا دەڵێن هەڵکشانی تەمەن رێگرە لەبەردەم خەونەکانی مرۆڤدا”.

“تەمەن تەنها ژمارەیە”

ئامال سەعید لەبارەی تەمەنەوە دەڵێت “تەمەن تەنها ژمارەیە، هیچ رۆژێک هەستم بەوە نەکردووە تەمەنم رێگریی لە خوێندنەکەم دەکات، بەڵکوو هەر رۆژێکی تەمەنم هەڵدەکشا، هەستم دەکرد ئەزموونی نوێ و زیاتری پێبەخشیووم، هەروەها باشترین وەبەرهێنان لە خودی مرۆڤدا ئەوەیە زیاتر فێربێت و خۆی پێشبخات”.

“بۆ بڕوانامە بەردەوام نەبووم، ویستم ئاڵنگارییەک رەت بکەمەوە”

ئەو خانمە میسرییە لەبارەی بەدەستهێنانی بڕوانامەی دکتۆر لە تەمەنی ٨٣ ساڵیدا باس لەوە دەکات؛ تەنها بۆ بەدەستهێنانی بڕوانامەیەکی باڵا بەردەوام نەبووە، بەڵکوو ویستوویەتی هیوا بە هەموو ئەو کەسانە ببەخشێ کەوا بەهۆی هەڵکشانی تەمەنیانەوە خەونەکانیان لەدەستداوە “خەڵکێکی زۆر باوەڕیان وایە کاتێک دەگەنە تەمەنێکی دیاریکراو، پێویستە واز لە فێربوون و خوێندن بهێنن، من ویستم پێچەوانەی ئەوە بسەلمێنم، مرۆڤ دەتوانێت هەرکات بیەوێت دەستپێبکات، تەمەن رێگر نییە”.

“تەمەن تەنها ژمارەیە، مادام مرۆڤ دەتوانێت کاربکات و بیربکاتەوە، نابێت لە بەدیهێنانی ئامانجەکانی بووەستێت، پشتبەستن بە خوا پاڵنەرێکی گرنگە بۆ بەردەوامی، هەموو مرۆڤێک توانای بەدەستهێنانی ئامانجەکانی هەیە ئەگەر باوەڕ و ئیرادەی راستەقینەی هەبێت”.

ر.س

بابەتی تر

نوێترین هەواڵەکان