راپۆرتێکی هەواڵگری: رێبەری باڵای ئێران هۆشی لەدەستداوە و توانای بەڕێوەبردنی وڵاتەکەی نییە

مەودا میدیا- کوردستان دەلۆیی

راپۆرتێکی هەواڵگریی ئاشکرای دەکات، موجتەبا خامنەیی، رێبەری باڵای کۆماری ئیسلامیی ئێران هۆشی لەدەستداوە و لە بارودۆخێکی تەندروستیی خراپدایە، هەروەک ئاماژەی بەوەشکردووە خامنەیی توانای بەڕێوەبردنی کاروبارەکانی وڵاتەکەی نییە.

رۆژنامەی زە تایمزی بەریتانیی لە راپۆرتێکیدا کە پشتی بە سەرچاوەی هەواڵگری- دیپلۆماسی بەستووە ئەوەی خستووەتەڕوو “موجتەبا خامنەیی کە دوای کوژرانی عەلی خامنەیی باوکی دەسەڵاتی گرتووەتە دەست، هۆشی لەدەستداوە و لەئێستادا لە شاری قوم، چارەسەری پزیشکی وەردەگرێت لە چوارچێوەی گرتنەبەری رێوشوێنی ئەمنیی زۆر تووندا”.

زانیارییەکانی راپۆرتەکەی زە تایمزی بەریتانی پشتی بە هەڵسەنگاندنەکانی هەواڵگریی ئەمەریکا و ئیسرائیل بەستووە و ئاماژەی بەوە کردووە موجتەبا خامنەیی رۆژی ٢٨ی شوباتی ٢٠٢٦ و لەو هێرشەدا بریندار بووە کە بەهۆیەوە عەلی خامنەیی باوکی و چەندین گەورە بەرپرسی دیکەی ئێرانی تێدا کوژران.

موجتەبا خامنەیی: تیرۆرکردنی فەرماندەکانمان کاریگەریی نەرێنی نییە

رێبەری باڵای کۆماری ئیسلامیی ئێران لەدوای کوژرانی باوکی و هەڵبژاردنیشی وەکوو رێبەری نوێی وڵاتەکە، هیچ جۆرە دەرکەوتنێکی نەبووە، هەروەک پەیام و گوتارەکانیشی بەشێوەی نووسراو بڵاودەکاتەوە، تەنانەت ئەو گرتە ڤیدیۆ چەند چرکەیەی چەند رۆژی رابردوو تیایدا موجتەبا خامنەیی دەەرکەوت بەپێی قسەی شارەزایان بە ژیریی دەستکرد دروستکراوە.

“دەرنەکەوتنی موختەبا خامنەیی بە کردار، مقۆمقۆی زۆری لەناو دامەزراوە جۆراوجۆرەکانی دەسەڵات لە ئێران هێناوەتە ئاراوە، هەروەک بەشێوەیەکی روون ئەوە دیارە کە بڕیاردەری راستەقینە لەم کاتی شەڕەدا سوپای پاسدارانی ئێرانە نەک دامەزراوەکانی دیکە”، بەپێی راپۆرتەکەی زە تایمزی بەریتانی.

خامنەیی دوای کوژرانی بەرپرسی بەشی هەواڵگریی سوپای پاسدارانی وڵاتەکەی، نوێترین پەیامی بڵاوکردەوە و تیایدا وتبووی “کوژرانی فەرماندە سەربازییەکانمان کاریگەریی لەسەر بەرگریکردن لە ئێران نابێت”.

ک.د

بابەتی تر

نوێترین هەواڵەکان