مەودا میدیا-
فەرماندە و ئەندامی سەرکردایەتی کۆمەڵەی شۆڕشگێڕانی کوردستان ئاشکرایکرد دوای هێرشی درۆنی کۆماری ئیسلامی بۆ سەر کەمپی سوورداش، چەند بریندار هەبوون کە یەکێک لەوان بە ناوی غەزەڵ مەولان، برینەکەی زۆر قورس بوو. بۆیە بەپەلە گواستیانەوە بۆ نەخۆشخانەی شۆڕش، کە لەوێ خزمەتگوزارییە سەرەتایی و پێویستییەکانی بۆ دابینکرا.
ئەمجەد حسێن پەناهی، فەرماندە و ئەندامی سەرکردایەتی کۆمەڵەی شۆڕشگێڕانی کوردستان رایگەیاند ” کاتێک غەزەڵ مەولان پێویستی بە خزمەتگوزارییە گرنگەکان وەک (MRI، تیشکو ICU) بوو، نەخۆشخانەکە نەیتوانی ئەو خزمەتگوزارییانە پێشکەش بکات، لە سەرەتا بەڵێنیاندا، بەڵام دواتر بە بیانووی نەبوونی قەرەوێڵە و کەمبوونی دەزگاکان، داواکارییەکەیان رەتکرایەوەو وەریان نەگرت”.
ئاماژەی بۆ ئەوەشکرد “دواتر پێشنیازی گواستنەوە بۆ نەخۆشخانەی ئەهلی کرا و پەیوەندییان بە نەخۆشخانەی ئاسیا کرد، بەڵام رەتیانکردەوە، دواتر روویان نەخۆشخانەی بەخشین کرد کە لە سەرەتا قبوڵیان کرد، بەڵام کاتێک زانیان کە کەیسەکە پەیوەندی بە هێرشێکی درۆنی و بابەتی سیاسییە هەیە، رەتیانکردەوە وەریان نەگرت و رووداوەکە گەیشتە قۆناغی دەمەقاڵە و دەنگ بەرزکردنەوە”.
ئەوەشی خستەڕوو ” دکتۆرێک لە نەخۆشخانەی شۆڕش کە لەگەڵیان بوو، دڵی بریندارەکەی پشکنیوە و پێی راگەیاندوون کە لێدانی دڵی زۆر دابەزیوە، سەرەڕای ئەوەش، بریندارەکەیان وەریان نەگرتوون و زیاتر لە نیو کاتژمێر لەوێ کاتیان لەدەستچووە، دواتر لە ناو ئامبۆڵانسەکەدا زیاتر لە 10 خولەک دواکەوتوون بۆ دۆزینەوەی شوێنێکی تر، هەوڵیانداوە پەیوەندی بە نەخۆشخانەی مێرسی بکەین، بەڵام وەڵامیان نەداونەتەوە و پاشان پەیوەندییان بە نەخۆشخانەی فاروق کردووە، کە دوای کەمێک دواخستن بۆ هەماهەنگی ناوخۆیان، قبوڵیان کردووە”.
باسی لەوەشکرد “کاتێک گەیشتوون، بەپەلە بریندارەکەیان بردووەتە ژوورەوە، بەڵام دوای ماوەیەکی کەم دکتۆر پێی رایگەیاندنوو کە دڵی لە لێدان کەوتووە، لەو کاتەدا بریندارەکە بە ئامێری هەناسەدان (کەپسوولی تەنەفوسی) لە ژیاندا بوو، کە ئەمە نیشانەی دۆخێکی زۆر خراپ و تەندروستی بوو، بەپێی هەڵسەنگاندنەکان، لە ماوەی گواستنەوە لە نەخۆشخانەی بەخشین بۆ فاروق لێدانی دڵی بە شێوەیەکی زۆر دابەزیوە، کە ئەمە بووەهۆی ئەوەی سەرەڕای هەوڵی زیاتر لە یەک کاتژمێر بۆ رزگارکردنی، بە داخەوە گیانی لەدەستبدات”.
ب ح