داهاتی ناوخۆی هەرێم زیاتر 500 ملیار دینار بووە

مەودا میدیا-

ئەندامێکی پێشووی پەرلەمانی کوردستان ئاشکرایکرد سەرجەم سەرچاوەکانی‌ داهات، لە گومرگ و باج و رسومات وەک خۆیان بەردەوامن، هەروەها پاڵاوتنی‌ رۆژانەی‌ (50 هەزار) بەرمیل نەوت کە لە بەغدای‌ وەردەگرنەوە، لەگەڵ داهاتی‌ فرۆشتنی غاز، بێجگە لە داهاتی بە بازرگانیکردنی کارەبا، هەموو ئەمانەش زیاترە لە (500 ملیار) دیناری‌ مانگانەیە.

عومەر گوڵپی، ئەندامێکی پێشووی پەرلەمانی کوردستان رایگەیاند “داهاتی ناوخۆی هەرێمی کوردستان بەمشێوەیە دابەشبووە لە کاتێکدا حکومەتی هەرێم ئامادە نییە 120 ملیار رادەستی بەغدا بکات تاوەکو مووچە بنێرێت”.

1- داهاتی‌ گومرگ:
مانگانە (بێجگە لە مانگی‌ پێشوو) نزیکەی‌ (140 ملیار) دینارە، بێجگە لە داهاتی‌ ژمارەیەکی زۆر کۆمپانیای‌ نایاسایی کە کراونەتە برا بەشی داهاتی گومرگ، هەروەها بێجگە قاچاخچێتی‌ و عەفوی‌ گومرگی‌ نایاسایی‌.
2ـ داهاتی‌ باج:
مانگانە لە نێوان (70 تاوەکو 90ملیار) دیناردایە.
3ـ داهاتی‌ نەوتی‌ پاڵێوراو:
مانگانە (100 ملیار) دینار داهاتیان لەو‌ (50 هەزار) بەرمیل نەوتە دەست دەکەوێت کە لە بەغدای‌ وەردەگرنەوە بەناوی‌ پێداویستی‌ ناوخۆوە (نەوتی سپی و بەنزین و گاز)، بەڵام بە نرخی‌ بازرگانی‌ بە هاووڵاتیانی‌ دەفرۆشنەوە.
4ـ داهاتی‌ رسومات:
مانگانە نزیکەی‌ (200 ملیار) دینارە، بەبێ داهاتی‌ کارەبا، چونکە کارەبا بازێکی‌ گەورەی‌ بە داهاتی‌ ڕسومات داوە ئەوەش بەهۆی‌ ئەوەی‌ نرخی‌ کارەبا بە بازرگانی‌ کراوە. ( تەنها داهاتی‌ بەڕێوەبەرایەتییەکانی‌ هاتوچۆی‌ سلێمانی‌ و هەولێر مانگانە نزیکەی (50ملیار) دینارە!).

ئاماژەی بۆ ئەوەشکرد ” هیچ چاودێرییەک لەسەر داهات نییە لە کوردستان، نە پەرلەمان و لیژنەکانی‌ هەن چاودێری‌ بکەن، نە یاسای بودجە هەیە، نە رێگە دەدەن دیوانی‌ چاودێری‌ی دارایی‌ وردبینی‌ بۆ سەرچاوەکانی‌ داهات بکات (بەتایبەت ڕێگە نادەن تیمەکانی‌ پشکنین بچنە خاڵە گومرگییەکان)، هەروەها رێگە نادەن تیمەکانی‌ چاودێری‌ دارایی‌ وردبینی‌ بۆ گرێبەستەکانی‌ نەوت و غاز بکەن، بۆیە هیچ وردبینی‌ و چاودێری‌ و پشکنینێک لەسەر سەرچاوەکانی‌ داهات نییە”.

ئەوەشی خستەڕوو “هەتا ئەو کاتەی‌ یەک خەزێنەی گشتیی نەبێت و داهاتی‌ ناوخۆی‌ هەرێمی کوردستان نەکەوێتە ژێر چاودێرییەکی‌ پیشەیی‌ بێلایەنی دامەزراوەیی، هەر بانگەشەیەکی‌ لایەنەکانی‌ دەسەڵات و حکومەتەکەیان بۆ نەبوون و کەمی‌ داهات بەتاڵ و بێ بەڵگەیەو درێژەدانە بە دۆخی ناشەفاف و شێوازی حکومەت و دەسەڵاتی حزب نەوەک حکومەتی یاساو دامەزراوە”.

ب ح

بابەتی تر

نوێترین هەواڵەکان