مەودا میدیا-
لقی سلێمانی، سەندیکای رۆژنامەنووسانی کوردستان پەیامێکی بڵاوکردەوەو ئاشکرایکرد کە پەیامنێرێک رۆڵی لیژنەکانی لێکۆڵینەوەو دەزگا ھەواڵگرییەکان ببینێت، نیشانەی ھیچ نییە، بێ مۆراڵی ھەندێک میدیا و میدیاکار و کارەکەرانی ناو میدیا نەبێت.
لقی سلێمانی، سەندیکای رۆژنامەنووسانی کوردستان رایگەیاند “کە پەیامنێرێک شوێن و کات و کاریگەریی و مانای پرسیارەکەی نازانێت، ھەموو رۆڵێک دەبینێت کاری میدیا نەبێت، کە شەقامی کوردستان گلەیی و گازندە لە میدیا و رۆژنامەنووسان دەکات، لەم حاڵەتانەوە سەرچاوەی گرتووە، بۆیە تەڕو وشکیان پێکەوە دەسووتێین”.
ئاماژەی بۆ ئەوەشکرد “ئەوەی لە رەحیم رەشیدی وەشایەوە لەبەردەم سەرۆکی ئەمەریکا، رەفتارێکی ناجۆر و نا شایستە بوو، کوردانی ھەر چوار پارچەو بەتایبەت باشووری کوردستان و لە باشووریش خەڵکی سلێمانی بێزارو نیگەران کرد، ئێمە لە لقی سلێمانی سەندیکای رۆژنامەنووسانی کوردستان، ئەم رەفتارەی رەشیدیی و پۆزش نەھێنانەوەی کەناڵەکەی بۆ خەڵکی سلێمانی، لە خۆڵدانی میدیای نابەرپرس دەخەمڵێنین و بە خەڵکی کوردستان و سلێمانی (پایتەختی رۆشنبیریی) دەڵێین”:
ئەو رەفتارە لەسەر میدیا ئەژمار مەکەن، چونکە رەنگدانەوەی بچوکیی و خۆبەکەمزانیی کەسانێکە لەبەردەم گەورەیی و خۆڕاگریی و خەبات و شۆڕشەکانی شارێک کە پێی دەڵێن سلێمانی.
هێشتا ئێوەمانان زۆرتان ماوە، لە قەڵبەزەی گیانفیدایی و (نا) کانی ئەم شارە بگەن، بەناوی ھەموو خەڵکی سلێمانی و ھەموو کوردێکی دڵسۆزی شۆڕش و کوردایەتی، دەڵێین دەریای سلێمانی زۆر لەوە گەورەترە بە دەمی چۆلەکە پیس ببێت.
ب ح