پەیەدە: پاساوهێنانەوە بۆ لابردنی زمانی کوردی جێگەی نیگەرانییە

مەودا میدیا-

ئەنجومەنی گشتیی پارتی یەکێتی دیموکرات(پەیەدە) سەبارەت بە ناڕەزایەتییەکانی حەسەکە دوای لابردنی زمانی کوردی لەسەر تابلۆی فەرمانگەی داد راگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە و ئاشکرایکرد پێویستە ئەوانەی دژی پێکەوەژیانی گەلانن وەک تاوانبار بناسێندرێن.

ئەنجومەنی گشتیی پەیەدە رایگەیاند “لابردنی زمانی کوردی لەسەر فەرمانگە فەرمییەکان، پێچەوانەی رێککەوتنەکان و تەنانەت مەرسومی سەرۆک کۆمارە، لەبارەی بە فەرمی ناساندنی زمانی کوردیی و جەژنی نەورۆزەوە”.

ئاماژەی بۆ ئەوەشکرد “پاساوهێنانەوە بۆلابردنی زمانی کوردی، جێگەی نیگەرانییە و پێویستی بە پێداچوونەوەیە، چونکە بابەتەکە تەنها پەیوەست نییە بە کورد و درێژدەبێتەوە بۆ هەموو سوریا و پێکهاتە جیاوازەکان”.

ئەوەشی خستەڕوو “نووسینی تابلۆکان بە زمانی کوردی هۆکاری بەهێزکردنی پێکەوەیی و مافی پێکهاتەکانە، ناکرێت وەک کەمکردنەوەی سەروەریی سوریا لێی بڕوانرێت، سوورن لەسەر پێدانی مافەکانی کورد بە هەموو ئاراستە و رەهەند و ئاستەکانیدا، کەلتوور و زمان لە پێشینەکانن و دەبێت لە چوارچێوەی دەستووری داهاتووی سوریادا بچەسپێندرێن”.

ب ح

بابەتی تر

نوێترین هەواڵەکان