شەپۆلێکی بارانبارین روو لە هەرێمی کوردستان دەکات

مەودا میدیا-

شارەزایەکی بواری کەشناسی ئاشکرایکرد هەرێمی کوردستان دەکەوێتە ژێرکاریگەری دوو نزمە پاڵەپەستۆی چڕ کە روو لە ناوچەکە دەکەن، ئەویش نزمە پاڵەپەستۆی دەریای سپی ناوەڕاست و نزمە پاڵەپەستۆی دەریای سوورە. و سبەینێ هەردوو نزمە پاڵەپەستۆکە بە ئاڕاستەی لووتکەی سێگۆشە یەک دەگرن و رێژەی باران بارین زۆرتر دەبێت.

سالار حاجی عەلی، شارەزای بواری کەشناسیی بە مەودا میدیای راگەیاند “کاریگەری ئەم شەپۆلە لەسەر ناوچەکان بەشێوەی بارانی لاواز بۆ مامناوەند دەبێت، لە 5/16وە سەرەتای شەپۆلەکە دەستپێدەکات و بە لاوازی دێتە ناوچە سنورییەکان و دواتر بۆ هەمان رۆژ و رۆژانی دوایی چالاک دەبێت”.

ئاماژەی بۆ ئەوەشکرد “لەگەڵ هاتنی شەپۆلەکە سەرەتا ئاسمان بە هەوری تەنک دەستپێدەکات، دواتر دەگۆڕێت بۆ نیوە هەور و هەوری پڕ، نمە باران دەبارێت و کاریگەریی ئەم شەپۆلە بارانە تا نزیکەی 20ی مانگ بەردەوام دەبێت، بۆ ڕۆژەکانی ناوەڕاستی شەپۆلەکە، رێژەی بارین زۆرتر دەبێت و هەورە بروسکە و خێرایی با و باران دەبارێت”.

ئەوەشی خستەڕوو ” ئەم شەپۆلە لە ناوچە جیاجیاکان بە بڕی جیاواز باران دەبارێت و لە ناوچەیەک بۆ ناوچەیەکی تر دەگۆڕێت، لە هەندێک ناوچەدا هەورە بروسکە و بارانی شەستە دەبارێت و لە هەندێک ناوچەی تردا هەور هەیە بەبێ باران. پلەکانی گەرما چەند پلەیەک دابەزێت و خێرایی با لەگەڵ شەپۆلەکە زیاد دەکات، کاریگەری ئەم شەپۆلە زۆرتر لەسەر ناوچە شاخاوییەکان و ناوچە سنوورییەکانە، بەڵام بۆ شارەکان لاوازترە”.

ب ح

بابەتی تر

نوێترین هەواڵەکان