مەودا میدیا-
ئەندامێکی پەرلەمانی کوردستان ئاشکرایکرد دەسەڵاتدارانی هەرێم بە بەغدایان وتووە پارەیان نییە(120ملیار) دینارەکە بۆ مووچەی مانگی (سێ)ی خەڵک بنێرین، بەڵام بە خەڵک لێیان ناپرسێتەوە کە دوو (120) ملیاری مانگەکانی (11 و 12)ی ساڵی پاریان چى لێکردووە؟ یان (420ملیار)ی مانگی (12) ی ساڵی (2024)یان چی لێکرد کە بەغدا ناردبووی بۆ مووچەو دابەشیان نەکرد.
عومەر گوڵپی، ئەندامی پەرلەمانی کوردستان رایگەیاند “لە ساڵی (2023)ەوە، بەهۆی یاسای بودجەی سێ ساڵی (2023 تاوەکو 2025) کە ئێستاش هەر بە یەک لەسەر دوانزەی ساڵی (2025)ی ئەو یاسایە کار دەکرێت، بەغدا جۆرە پابەندییەکی پەیداکردووە بە مووچەی مووچەخۆرانەوە”.
ئاماژەی بۆ ئەوەشکرد “بەدرێژایی ئەو ماوەیە تەنها یەک مانگیش نەبووە حکومەتی ماوە بەسەرچوو پابەندی ناردنی ئەو بەشەی داهاتی ناوخۆ بێت کە لە یاسای بودجەدا کراوەتە مەرج بۆ ناردنی مووچە بێجگە لە هەناردەی نەوت، ئەو بڕەش تا مانگی پێنجی ساڵی رابردوو کەمتر لە (130 ملیار) بوو، دواتر خۆیان رازی بوون بەوەی مانگانە (120 ملیار) دینار بێت، هەمیشە ئەو بڕە پارانەیان بە پاساوی جۆراو جۆر دواخستووە تا بەغداش مووچە دوابخات”.
ئەوەشی خستەڕوو “هەرگیز نەبووە لە دنیادا حکومەتێک هەموو داهاتەکانی لەبەردەستدابن و بەردەوام خەزێنەکەی خاڵی بێت، بۆ مووچە پارەیان نییە!بۆ (رووداوی سرووشتی، خزمەتگوزاریی، پڕۆژەکان و نەخۆشخانەکان پارەیان نییە، تەنانەت بۆ ئەوەی بەغدا مانگانە زیاتر لە (940 ملیار) دینار بۆ مووچەی مووچەخۆران بنێرێت، هەر ئەو بڕە کەمە پارەیان نییە بینێرن بۆ بەغدا، بەڵام بۆ ژیانی شاهانەی خۆیان و سەرانی حزبەکانیان و میدیای زەبەلاح و ئاهەنگ و کۆڕو سیمینارو سەفەری وڵاتان و قافڵەی ئۆتۆمبیل و پڕۆژەو کۆمپانیای نوێ، هیچ کێشەیەکی پارەیان نییە”.
ب ح