خەڵەف غەفور: کەرتی کشتوکاڵ و ئاژەڵداریی پەراوێزخراون

مەودا میدیا-

نووسەر و رۆژنامەنووسێکی کورد ئاشکرایکرد دوای پرۆسەی ئازادیی عیراق لە ساڵی 2003، یەکێتی و پارتی بە پشکی زۆر و سەرجەم حزبەکانی ئەوکات، بەپێی نزیکییان لەوان، دەستیاندایە دامەزراندنی زۆر و بەوهۆیەوە زۆرینەی گووندەکان یان چۆڵکران یان چەند ماڵێکی کەمیان تێدا مایەوە.

خەڵەف غەفور عەزیز، نووسەر و رۆژنامەنووس رایگەیاند “چۆڵبوونی گوندەکان بە پلەی یەکەم زیانی گەورەی بە دوو کەرت گەیاندووە کە ئەوانیش”:

یەکەمیان: کەرتی کشتوکاڵ رووبەڕووی داڕمان یان پەراوێزخستنی زۆر بووەوە، ئێستا دەبینین بەرهەمی وڵاتانی دیکە، جێگەیان بە بەرهەمی ناوخۆیی لێژ کردووە.

دووەمیان: کەرتی ئاژەڵداریی کەوتە هەمان بارودۆخەوە، شوانی کەوا لای من پیشەیەکی پیرۆز و گرنگە، بەشێکی زۆری خەڵکی دەستبەرداری بوون و کرانە پۆلیس یان بەشێوەی دیکە، دامەزرێندران.

ئاماژەی بۆ ئەوەشکرد “دەرەنجامی ئەوەیش، کەرتی ئاژەڵداریی و بەرهەمەکانی بۆ کەمترین ئاست دابەزی، بۆ نموونە گۆشتی هندی، سووری، ئێرانی، تورکی و زۆر شوێنی دیکە، جێگەیان بە گۆشتی خۆماڵی لێژ کرد، بەرهەمە شیرەمەنییەلانی کالا و چالووس، بوونە جێگرەوەی ماستی گەرمیان و شارەزوور و ناوچەکانی دیکە”.

ئەوەشی خستەڕوو “لە ئێستادا کۆمەڵگەی کوردستانی، کۆمەڵگەیەکی بەکاربەرە، وردبەرەوە گووندەکانمان هێشتا لە ئاستی خۆژێنی نین، پۆلیسمان لە شوان زۆرترە، فەرمانبەرمان لە جووتیار زیاترە، تەنانەت شاقۆز و شاجوان و مۆدێلەکانمان لە هونەرمەندانمان زیاتر و کاریگەرترن”.

باسی لەوەشکرد “ئێمە لە کۆمەڵگەیەکی نامۆدا دەژین، لەبری مەڕ و بزن، گرنگیی زیاتر بە بەخێوکردنی سەگ و پشیلە دەدەین، باخی گەورەمان هەیە و هێلکە لە مارکێتەکان دەکڕین، بارە ترێ و سندوقی تەماتە بە پیکاب لە شارەکانەوە بۆ لادێکان دەبرێ، روون و راشکاو خۆمان ونکردووە”.

ب ح

بابەتی تر

نوێترین هەواڵەکان