منداڵان دەتوانن بە رۆژووبن ؟

مەودا میدیا-

د.سۆران سابر، پزیشکی پسپۆڕی نەخۆشییەکانی منداڵان چەند رێنماییەکی تایبەت بە رۆژووگرتنی منداڵان بڵاوکردەوە و هۆشداریی دەدات.

1-منداڵانی سەروو 10 ساڵان دەتوانن رۆژوو بگرن ئەگەر ھیچ نەخۆشی و کێشەیەکی تەندروستیان نەبێت.

2-منداڵانی خوار 10 ساڵان باشتر وایە رۆژوو نەگرن، چونکە ئەگەری رووداوی نەخوازراو ھەیە وەک دابەزینی رێژەی شەکر، ئەگەر ھەر ویستیان دەتوانن بەشێوازێکی ئاسان و بۆ فێرکردن و لێڕاھێنان چەند کاتژمێرێک بگرن وەکو لەناو خۆمان پێی دەڵێن (گرێ دان) یان تەنھا خواردن نەخۆن و ئاو و شلەمەنیان پێبدرێت یان چەند رۆژێکی گرنگیان پێ بگرن وەکو یەکەم رۆژ و کۆتا رۆژی رەمەزان.

3-ئەو منداڵانەی نەخۆشییان ھەیە نابێ بەرۆژو بن بەتایبەتی نەخۆشیە درێژخایەنەکانی وەک نەخۆشی شەکرە و نەخۆشیەکانی جگەر و گورچیلەکان و دواکەوتنی گەشە و ھتد.

٤. ئەو منداڵانەی بەڕۆژو دەبن پێویستە خواردنی باش و تەندروستیان پێبدرێت لەگەڵ بڕێکی تەواو لە ئاو و شلەمەنی لە نێوان بەربانگ و پارشێو و چاودێری بکرێن لەکاتی بەڕۆژوبون.

٥. منداڵی بەڕۆژو نابێت خۆی ماندو و ھیلاک بکات و بچێتە بەر ڕۆژ و ئەو یاریانە بکات کە ھێز و وزەیەکی زۆری دەوێت.

٦. ھەر کات منداڵەکەت ھەستی بە بێھێزی و سەرسوڕان و گێژ بوون یان نیشانەکانی وشک بوونەوە کرد وەکو تێنوێتی و دەم وشک بوون یەکسەر ڕۆژوەکە با بشکێنێ و شلەمەنی پێبدرێت.

ب ح

بابەتی تر

نوێترین هەواڵەکان