مەودا میدیا-
سەرۆک وەزیرانى عیراق سەردانی وەزارەتی نەوتی کرد و رێکارەکانی پەیوەست بە چارەسەرکردنی قەیرانی داخستنی گەرووی هورمز و وەستاندنی هەناردەکردنی نەوت و پێداچوونەوە بە پڕۆژەکانی غازی لەگەڵ ئەنجومەنی وەزارەتەکە تاوتوێ کرد.
عەلی زەیدی، سەرۆک وەزیرانى عیراق رایگەیاند “پێویستە بەدواداچوون بۆ پرسی زیادکردنی قەبارەی هەناردەکردنی نەوت و کارکردن لە سەر هەمەچەشنکردنی ڕێگاکانى هەناردەکردن بکرێت”.
ئاماژەی بۆ ئەوەشکرد “دەبێت وەزارەتی دەرەوە بەدواداچوون بۆ ئەو رێککەوتنانە بکات کە لەگەڵ وڵاتانى دراوسێ ئەنجامدراون، سەبارەت بە هەناردەکردنی نەوت لە رێگەی وشکانییەوە”.
ئەوەشی خستەڕوو “پێویستە رێگاکانى هەناردەکردن هەمەچەشنبکرێن، بە مەبەستی دڵنیابوون لە بەهێزبوونی داهاتە نیشتمانییەکان و تێپەڕاندنی ئەو ئاستەنگانەی پەیوەستن بە کارەکانی هەناردەکردنی نەوتەوە”.
ب ح