مەودا میدیا-
دەستەی دەستپاكی فیدراڵی لە پارێزگای دیالە” چوار بەرپرسی باڵای بەڕێوەبەرایەتی دابەشكردنی كارەبای پارێزگاكەیان بەهۆی تێوەگلانیان لە دزی و گەندەڵی لە كارەكانیان دوورخستووەتەوە و رەوانەی دەسەڵاتی دادوەری كران”.
بەپێی هەواڵێكی ماڵپەڕی عیراق ئەلیەوم، ستافی دەستەی دەستپاكی فیدراڵی لە پارێزگای دیالە كارێكی گەندەڵی و دزیكردنیان ئاشكرا كردووە كە تیایدا كەرەستەی كارەبایی بە بەهای زیاتر لە ملیارێك و 700 ملیۆن دینار دزراوە و چوار بەرپرسی باڵای بەڕێوەبەرایەتی دابەشكردنی كارەبای پارێزگاكەشیان بە تۆمەتی دزیكردنەكە دەستگیر كردووە”.
ماڵپەڕەكە ئاماژەی بۆ ئەوەشكردووە” تیمێك لە فەرمانگەی لێكۆڵینەوەی دیالە، بە سەرپەرشتی راستەوخۆ و چاودێری بەردەوامی سەرۆكی كۆمسیۆن، د.محمد عەلی ئەللامی، چوونەتە بەرێوەبەرایەتی دابەشكردنی كارەبای دیالە، لەوێ توانیان چوار بەرپرسی باڵا لە كارەكانیان دووربخەنەوە كە كەرەستەی كارەباییان لە كۆگاكانی بەڕێوەبەرایەتییەكە دزیوە”.
باسی لەوەشكردووە” بەپێی فەرمانی دادوەر دەست بەسەر بەڵگەنامەی ئەسڵی خەرجكردن و كۆپی كاربۆنی و یاداشتەكانی خەرجكردنی پەیوەست بە دۆسیەكەوە گیراوە و بەپێی مادەی (٣١٦)ی یاسای سزادان، بڕیاری دەستبەسەركردنی تۆمەتباران دەرچووە”.
ئ پ