مهودا میدیا-
بەپێی ئاژانسی فرانس پرێس، ئهمڕۆ یهكشهممه، یەکەمین دانیشتنی دادگاییکردنەکە بە غیابی بەشار ئەسەد، سەرۆکی له كارلادراوى پێشووى سوریا و ماهر ئەسەدی برای، لەگەڵ ژمارەیەک کەسایەتیی تر له ڕژێمی پێشووى سوریا، لە چوارچێوەی پرۆسەی دادپەروەری ئینتقالى بەڕێوەچوو.
سەرچاوەیەکی دادوەری کە نەیویست ناوی ئاشکرا بکرێت بۆ ئاژانسی فرانس پرێس، رایگەیاندووه “ئامانجی دانیشتنی یەکەم دەستپێکردنی ئامادەکارییەکانی دادگاییکردنەکە بە غیابی بەشار ئەسەد و ماهری برای، جگە لە دادگاییکردنی بەشێوەی راستەوخۆی ژمارەیەک بەرپرسی ئەمنیی و سەربازی، لەنێویاندا عەتیف نەجیب، کە لەبەردەم دادگا ئامادەبوون”.
بەپێی هەواڵێکی ئاژانسی فرانس پرێس، نەجیب، کەسێکی خزمی ئەسەد، بە دەستبەندەوە گەیشتووەتە هۆڵی دادگا لە دیمەشق، پێشتر سەرۆکایەتیی لقی ئاسایشی سیاسیی لە دارا بووە، کە لە ساڵی 2011ەوە ناڕەزایەتییەکان لەوێ دەستیپێکردووە و تۆمەتبارە بەوەی بەرپرسە لە سەرکوتکردنی بەرفراوان و دەستگیرکردن.
دادوەر فەخرالدین ئاریان دانیشتنەکەی ئهنجامداوه رایگەیاند “ئەمە یەکەم دادگاییکردنی دادپەروەری ئینتقالییە لە سوریا، تۆمەتبارێکی دەستبەسەرکراو و کەسانی ترى لەخۆگرتووە کە لە دادپەروەری هەڵهاتوون و بە غیابی دادگایی دەکرێن”.
دادوەر رایگەیاندووه “خولی ئێستا تایبەتە بە رێکارە کارگێڕی و یاساییە سەرەتاییەکان، بڕیارە لە 10ی ئایار دانیشتنی دووەم ئەنجام بدرێت”.
ئەو سەرچاوە دادوەرییە دووپاتی کردەوە کە دادگاییکردنەکان بە غیابی وەسیم ئەسەد و موفتی گەورەی پێشووی بەدرئەلدین حەسونیش دەگرێتەوە، لەگەڵ ئەو بەرپرسە سەربازیی و ئەمنییانەی تر کە لە چەند مانگی رابردوودا لەلایەن دەسەڵاتە نوێیەکانەوە بە تۆمەتی ئەنجامدانی پێشێلکاری دژی سوورییەکان دەستگیرکراون”.
بەپێی یاسای دادگاییکردنی تاوانەکانی سوریا، دادگا دەتوانێت بە غیابی دادگاییکردنەکان لە دژی تۆمەتبارانی هەڵاتوو بەردەوام بێت و پێداچوونەوە بەو تۆمەتانەدا بکات کە ئاراستەیان کراوە و ئەگەر ئامادەنەبن، بڕیاری غیابی دەربکات.
ع