دوای نزیكەی 150 ساڵ پێشبینی دەكرێت دیاردەیەكی ترسناكی كەشوهەوا سەرهەڵبداتەوە كە پێشتر بەهۆیەوە نزیكەی 50 ملیۆن كەس گیانیان لەدەستداوە.
هەرچەندە ئێستا جیهان سەرقاڵی جەنگ، ململانێنی سیاسی، قەیرانە ئابوورییەكان و بەرزبوونەوەی نرخەكانن، بەڵام دیاردەیەكی ترسناكی كەشوهەوا دوای 150 ساڵ خەریكە جارێكی تر سەرهەڵدەداتەوە.
ئێڵ-نینۆ
گۆڕانكارییەكی ناڕێك و خولگەییە لە با و پلەی گەرمی لە رۆژهەڵاتی زەریای هێمن و كاریگەری لەسەر كەشوهەوای بەشێكی زۆری ناوچە گەرم و نیمچە گەرمەكان هەیە.
قۆناغی گەرمبوونی زەریاكە بە ئێل نینۆ ناسراوە، لە كاتێكدا قۆناغی ساردبوونەوەی بە لانینا ناسراوە.
دیاردەكە كاتێك دەستپێدەكات كە پلەی گەرمی رووی زەریاكان لە پلەی گەرمی مامناوەند تێدەپەڕێت كە رەنگە وا دەربكەوێت تەنیا چەند پلەیەك بێت، بەڵام ئەم گۆڕانكارییە دەبێتە هۆی تێكچوونی هاوسەنگیی با و باران و گەرما لە هەموو جیهاندا، بەجۆرێك هەندێك وڵات تووشی وشكەساڵیی توند دەبن و هەندێكی تریش تووشی لافاوی وێرانكەر، لە هەمان كاتدا لە هەندێك ناوچە شەپۆلی گەرما ئەوەندە توند و بەهێز دەبێت كە ژیان تێیدا ئەستەم دەبێت و بەروبوومە كشتوكاڵییەكان بە تەواوی لەناو دەچن.
هەرچەندە دیاردەكە چەند ساڵ جارێك روودەدات، بەڵام پێشبینی دەكرێت ئەمساڵ بەهێزترین جار بێت لە دوای ساڵی 1877ـەوە و جیهان تووشی كارەسات و وێرانكاری بكاتەوە، چونكە زانایان و توێژەران بە یەكێك لە توندترین كارەساتە ژینگەییەكان دەیناسێنن، كە تا ئێستا مرۆڤ بینیبێتی.
دیاردەكە بە شێوەیەكی ناڕاستەوخۆ كاریگەری لەسەر ناوچەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاستیش هەیە بە گۆڕینی شێوازی پەستان و رەوتی هەوا، دیارترین كاریگەرییەكانیشی بریتین لە:
بەرزبوونەوەی بەرچاوی پلەكانی گەرما و زۆریی رێژەی بارانبارین، كە دەبێتە هۆی بارانبارینی بەخوڕ و لافاوی خێراتر لە ناوچەی دەریای سوور، هەروەها ناوچەكە هاوین و پایزی گەرمتر بەخۆیەوە دەبینێت، ئەمەش ئەگەری شەپۆلی گەرمای توند زیاد دەكات و دەبێتە هۆی كەمبوونەوە و دواكەوتنی بارانبارین.
بە پێچەوانەی ئەو وڵاتانەی كە توشی وشكەساڵی دەبن، وڵاتانی باشووری نیمچە دورگەی عەرەبی و دەریای سوور ئەگەری بارانبارینی زۆر نائاسایی بەخۆیەوە دەبینن كە دەتوانێت ببێتە هۆی زریان و لافاوی ترسناك.
لە ساڵی 1877 دا بەهۆی ئەم دیاردەیەوە، وشكەساڵییەكی یەكجار توند هیندستان، چین، ئەفریقا، میسر و بەرازیلی گرتەوە و كەرتی كشتوكاڵ تێیدا داڕما، لە هەمان كاتدا لافاوێكی زۆر وێرانكەر ئەكوادۆر و پیرۆی گرتەوە، لە ئەنجامدا بەروبوومە كشتوكاڵییەكان لەناو چوون، برسێتی و پەتا بڵاوبووەوە و بەهۆیەوە نزیكەی 50 ملیۆن كەس گیانیان لەدەستدا. .
مەترسی دیاردەكە لەوەدایە كە ئەگەر كێشەیەك لە بەروبوومێكی كشتوكاڵیی یەك وڵاتدا رووبدات ئەوا دەتوانێت نرخی خۆراك لە دەیان وڵاتی تردا لە ماوەی چەند رۆژێكدا بەرزبكاتەوە، بۆ نموونە:
ئەگەر هیندستان تووشی گەرمایەكی توند ببێت و بەرهەمی برنج و گەنمی كەم ببێتەوە، ئەوا ملیۆنان كەس زەرەرمەند دەبن و نرخەكان لە جیهاندا بەرز دەبنەوە. ئەگەر چین و باشووری رۆژهەڵاتی ئاسیا تووشی لافاو ببن، كارگە و بەندەرەكان پەكیاندەكەوێت و كاریگەریی لەسەر هەموو شتێك دەبێت.
لە عەرەبییەوە، ئەرسەلان پەرۆش