ستران عەبدوڵڵا
دیتنی مەترسییەکان لەسەر کوردستان پەرۆشی و دڵسۆزییە بۆ هەر کەسێک باسی بکات و هەستی مەترسییەکە هاندەری بێت تا داوای دیتنەوەی چارەسەری پێویست و دەربەست بکات.
کوردستان قەت بێ مەترسی نە ژیاوە و نەبووە، مەسەلەکە لە دوو ئاستی جیاواز دەردەکەوێت: قەبارەی مەترسییەکە و هێزی بەرەنگاربوونەوەی.
ئێستا ئەگەر کوردستان مەترسیشی لەسەر بێت دەبێ گرەو لەسەر شێوەی چارەسەرەکە بکەین، ئەگینا وەکتری وتەزای (مەترسی لەسەر کوردستان) بێ دۆزینەوەی رێگەی کوردستانی و رێگەی دروستی چارەسەری، وتەزایەکی بۆش و بەتاڵ دەبێ، ئەگەر لە نیەتی باشەوە بێت و وتەزایەکی بارگاوی بە شک و گومانیش دەبێت ئەگەر نیاز لێی پەردەپۆشکردنی کەموکوڕی جەوهەری لە پرۆسەی سیاسی وڵات بێت.
نابێ خیتابی مەترسی سەر کوردستان بکرێتە دەسکەلای دەنگ هەڵنەبڕین بەرانبەر بە کەموکوڕییەکان کە زۆرن .
کاتی ئەوە بەسەرچووە کە وترا با لەبەر خاتری کورد و کوردستان رێڕەوی کاروانەکە راستبکەینەوە، هەبن چاوشارکێ بکەن گوایە مەترسی هەیە، با لە جێی راستکردنەوە، پینەی بکەین.
بە پێچەوانەوە بوونی مەترسی گەرەکە پاڵمان پێوەبنێ کە درزەکانی بگرین، نەک لێگەڕێین تا دەتەپێ.
ر.س