لە هەلومەرجێکی هەستیاری وەک ئەمڕۆدا کە هاوڵاتیانی هەرێمی کوردستان چاوەڕوانی گۆڕانکارییەکی راستەقینەن لە شێوازی حکومڕانی و بەڕێوەبردنی کاروباری گشتیدا، یەکێتی نیشتمانیی کوردستان پێداگری لەسەر بەشدارییەکی راستەقینە و پێکهێنانی حکومەتێکی دامەزراوەیی دەکات. ئەم پێداگرییەش تەنها داواکاریی پۆست و پایە نییە، بەڵکو هەوڵێکە بۆ چاکسازیی بنەڕەتی لە سیستەمی حکومڕانی و گێڕانەوەی هاوسەنگی بۆ دامەزراوەکانی حکومەت. لەم روانگەیەوە ئامانجە سەرەکییەکانی سیاسەتی ئێستای یەکێتی بۆ بەشداری لە حکومەت دەخەینەڕوو.
یەکەم، ئەزموونی ساڵانی رابردوو بە روونی نیشانیداوە کە لە زۆربەی دامەزراوە حکومییەکاندا رۆحی پارتایەتی زاڵ بووە بەسەر رۆحی دامەزراوەییدا. لەبری ئەوەی دامەزراوەکان بە شێوەیەکی یەکسان خزمەتی هەموو هاوڵاتییان بکەن، زۆرجار کراونەتە ئامرازێک بۆ جێبەجێکردنی سیاسەت و بەرژەوەندییە تەسکەکانی لایەنی زاڵ لەناو حکومەتدا کە پارتی دیموکراتی کوردستانە، ئەم سیاسەتەش بووەتە هۆی لاوازبوونی متمانەی هاوڵاتییان بە دامەزراوەکانی حکومەت و دروستکردنی رۆحیەتی ناوچەگەرێتی و خزمەتکردنی هەندێک ناوچە و پەراوێزخستنی هەندێکی دیکە.
دووەم، یەکێتی نیشتمانیی بەڵێنی داوە کە کابینەی داهاتوو جیاواز دەبێت لە ئەزموونەکانی پێشوو. بۆیە ناتوانێت بەشدارییەکی رووکەش و ناڕاستەقینە قبووڵ بکات. ئەزموونی رابردوو سەلماندوویەتی کە هەندێک جار پۆست و ناونیشان دابەشکراون و دراون بە لایەنەکانی دیکەی بەشدار لە حکومەت، بەڵام دەسەڵات و بڕیاری راستەقینە لە دەستی لایەنێکی دیاریکراودا ماوەتەوە کە پارتییە. یەکێتی ئەمجارە داوای هاوبەشییەکی یاسایی و دامەزراوەیی دەکات، بۆ ئەو مەبەستەش هاوپەیمانێتییەکی یاسایی و دەستووریی کردووە و ئەو پێوەرە دیموکراسییەی بەرجەستەکردووە کە حکومەتی لەسەر پێکدەهێنرێت، کورسییەکانی لەگەڵ پارتی هاوتاکردووە و دەیەوێت حکومەتێک لەسەر بنەمای هاوسەنگیی هێز، هاوبەشیی لە بڕیاردان و بەرپرسیاریی هاوبەش دابمەزرێت.
سێیەم، بەشداریی راستەقینە بە واتای کۆتاییهێنانە بە شێوازی بڕیاردانی تاکلایەنە. کاتێک بڕیارە گرنگ و چارەنووسسازەکان بەبێ راوێژ و هاوبەشیی سیاسیی و دامەزراوەیی دەدرێن، ئەنجامەکەی زۆرجار دەبێتە هۆی قورسکردنی بارودۆخی ژیانی هاوڵاتییان. لە روانگەی یەکێتییەوە، حکومەتێکی هاوبەش و دامەزراوەیی دەتوانێت رێگری بکات لە هەڵەی بڕیار و دووبارەبوونەوەی ئەو سیاسەتانەی کە کاریگەریی نەرێنییان لەسەر گوزەرانی خەڵک هەبووە.
چوارەم، یەکێتی باوەڕی وایە کە گرنگترین ئەرکی قۆناغی داهاتوو گێڕانەوەی متمانەی هاوڵاتییانە بە دامەزراوە حکومییەکان و پرۆسەی دیموکراسی، ئەم متمانەیە تەنها ئەوکاتە دەگەڕێتەوە کە هاوڵاتییان دڵنیابن دامەزراوەکانی حکومەت موڵکی هەموو گەلن و لە خزمەتی هەموو هاوڵاتییەکدان، نەک ئامرازێک بۆ خزمەتکردنی حزب و لایەنێکی سیاسییەکان.
هەروەها، یەکێتی نیشتمانیی پێی وایە بنیاتنانی سیستەمێکی دامەزراوەیی پێویستی بە گفتوگۆ، رێککەوتنی سیاسی و رێزگرتن لە فرەلایەنی و فرەدەنگی سیاسی هەرێمی کوردستان هەیە. لەو سۆنگەیەشەوە، ئەو بڕیار و پرۆژانە رەتدەکاتەوە کە بە شێوەی تاکلایەنە ئامادە دەکرێن و بەبێ هاوڕایی و هاوبەشیی سیاسی هەوڵی سەپاندنیان دەدرێت.
لە کۆتاییدا، پێداگریی یەکێتی نیشتمانیی کوردستان لەسەر بەشداریی راستەقینە و حکومەتی دامەزراوەیی، پێداگرییە لەسەر گۆڕینی شێوازی حکومڕانی، پاراستنی هاوسەنگیی سیاسی، بەهێزکردنی دامەزراوەکان و گێڕانەوەی متمانە بۆ هاوڵاتییان. چونکە حکومەتی بەهێز ئەوە نییە کە هەموو دەسەڵات لە دەستی یەک لایەن کۆبکرێتەوە، بەڵکو ئەو حکومەتەیە کە دامەزراوەکانی بەهێزبن، یاسا سەرچاوەی بڕیارەکانی بێت و کاروباری گشتی بە هاوبەشی، هاوسەنگی و بەرپرسیارییەوە بەڕێوەدەبات.