کوردە سەعید
سێ ساڵ بەسەر مەرگی شەهیدی جوانەمەرگ (خواناس وریا)دا تێپەڕدەبێت. ئەو گەنجەی ژیانە کورتخایەنەکەی بە خۆیی-بوون کرد و گیانیشی لەپێناوی ئازادیخوازییدا بەخشی. لە رۆژێکی حوزەیراندا زۆر بە ئاسانیی شەقام بۆ کوشتنی ئەو گولەباران کرا و کارمەندانی پاککەرەوەی حکومەت دەستبەجێ و بە چرپەوە خوێنی ئاڵی ئەویان بەسەر شۆستە و شەقامەکانەوە سڕییەوە و زۆر بە ساناییش تەرمەکەی نێژرا و فەرامۆشکرا و سڕایەوە.
لەگەڵ ئەوەدا خواناس وەکو شۆڕشگێڕێکی پەناهەندە و نامۆ لەنێو مەملەکەتی مافیا و عەمامە و سمێڵدا ژیا، پرسەکەی وەکو مەرگی هەرزەکارێکی سەرەڕۆ چۆڵ بوو لە خزم و یاران و حەشرەکەشی لە سۆشیاڵ میدیا سەرشار بوو لە تیربارانی گایەل و خێسەی خوێندەوار و رۆشنبیر و بەهانەی ئازادیخوازان. لەکاتێکدا ئەو قوربانیی هەڵچوونی لۆمپەنێکی سەر بە دەسەڵات بوو و لەسەر سەرەتاییترین مافی کە خۆبوون و خۆ دەربڕینە بێبەشکرا لە ژیان.
خواناسی جوانەمەرگ رۆژنامەنووسێکی تەڵەکەچی و زمانلووس نەبوو، ئاشی سواوی هیچ سیاسی و حزبییەکی نەدەگێڕا، نە خوشکەکەی کەنیزەکی حزب بوو و نە براکانی مافیا و نە باوانی نۆکەری دەسەڵاتدارە چەقاوەسووەکان بوون. لەبەرئەوە تەرمی بێنازی ئەو خاوەندارێتی نەکرا و مەرگەکەی وەکوو ژێستێکی بەتاڵ بە کپ و خامۆشی بۆ بەردبارانی حەشاماتێک لە کۆمێنتەوانە دەمپیسەکان و بەرگریی تاکوتەرایەک لە دەموچاوە نادیارەکانی فەیسبووک بەجێهێڵرا و سادەترین بەرگریی لە شکۆ مرۆییەکەی نەکرا. نەگردبوونەوەیەک، نە چالاکییەکی ناڕازییبوون و نە لێدوان و گوتارێکی جدی هیچ گۆڤار و رۆژنامەیەکی پێ رەوا نەبینرا.
کتێبچی و ئازادیخوازانی نێو کۆڕ و دەزگا و شیعر و شانۆ و..هتد بە زایەڵەی کوژرانی ناڕەوای ئەو لاوە لەسەر شەقام وەکو خۆ بواردن و خۆ نەبانکردن لە گیزەی مێشوولەیەک سکیپ و سکرۆڵی مۆبایلەکانیان دەکرد.
ئێستاش چێشتخانەی بکوژە بانگخوازەکەی ئەو بە تەنیشت چێشتخانەی هونەرمەندان و دەزگا رۆشنبیرییەکانەوەیە و ئازادیخوازان لەگەڵ نووسینەوەی پەڕاوێکدا دوو پارووی چەور دەخۆن.
خ.غ