زه‌یدى وه‌زاره‌تى ناوخۆى عیراق به‌ شاده‌ماریی بنبڕكردنى گه‌نده‌ڵى ده‌زانێت

مه‌ودا میدیا-

دادوەرێکی لێکۆڵینەوە لە دادگای ناوەندیی تاوانەکانی بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵی لە عیراق دەستبەسەرداگرتنی بڕی 25 ملیار دیناری عێراقی لەگەڵ یەک ملیۆن دۆلاری ئەمریکی و نزیکەی پێنج کیلۆگرام زەڕەنگەری زێڕی ڕاگەیاند، لە پەیوەندی لەگەڵ دۆسیەی دەستبەسەرکراوی بریکاری وەزارەتی نەوت بۆ کاروباری پاڵاوتنی عێراق، عەدنان ئەلجومەیلی و هاوکارەکانی.

دەستبەسەرداگرتنی ئەو پارانە کە لەناو بوتڵی ئاوی پلاستیکیدا دۆزراونەتەوە کە لەناو ماڵی تۆمەتباردا لە تکریت شاراوەتەوە، دەرئەنجامی بەدواداچوونی وردی داهاتی دارایی بووە کە لە ئەنجامی خراپ بەکارهێنانی پارە لە پڕۆژەکانی جێبەجێکراو لەلایەن تۆمەتبار و هاوکارەکانییەوە بووە.

کۆی ئەو پارەیەی دەستی بەسەردا گیراوە ئێستا گەیشتووەتە 127 ملیار دینار و 24 ملیۆن دۆلاری ئەمه‌ریکی، ئەمە جگە لە دەستبەسەرداگرتنی خانووبەرە و ئۆتۆمبێل و زێڕ، لێکۆڵینەوە و بەدواداچوون بۆ کەسانی ترى پەیوەندیدار بەردەوامە تاوەکو هەموو رێکارە یاساییەکان تەواو دەبن.

رۆژی شەممەی رابردوو عەلی فالح زه‌یدى، سەرۆک وەزیرانی عیراق، پابەندبوونی حکومەتی عیراقی بۆ بەدواداچوونی تاکە گەندەڵەکان و ئیرادەی خۆی بۆ تەحەمول نەکردنی گەندەڵی بە مەبەستی گەڕاندنەوەی مافی هاوڵاتییانی عیراقی دووپاتکردەوە.

لە میانی سەردانێکیدا بۆ بارەگای وەزارەتی ناوخۆ، زەیدی رایگەیاندووە “وەزارەتی ناوخۆ قۆڵی حکومەتە لە بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵیدا” بەپێی بەیاننامەیەکی حکومەتی عیراق.

ئەمە لە کاتێکدایە کە عێراق شایەتحاڵی هەڵمەتێکە دژی گەندەڵی، لە کاتێکدا دەسەڵاتی دادوەریی و دەستەی دەستپاکی بەردەوامن لە راوەدوونانی ئەو کەسانەی کە تۆمەتبارن لە دۆسیەکانی پەیوەست بە سامانی گشتیی و سپیکردنەوەی پارە و دەوڵەمەندکردنی نایاسایی، ئەمە جگە لە وەرگرتنەوەی پارەی دزراو و لێپرسینەوە لەو کەسانەی دەستیان لە دۆسیەکانی گەندەڵیدا هەیە.

ع

بابەتی تر

نوێترین هەواڵەکان