بەغدا راسپاردەکانی بۆ جێبەجێکردنی ئەسیکۆدا بڵاودەکردەوە

مەودا میدیا-

وەزارەتی دارایی عیراق پێشنیازی پێکهێنانی لیژنەیەکی هاوبەش دەکات لەگەڵ هەرێمی کوردستان سەبارەت بە جێبەجێکردنی سیستمی ئەسیکۆدا و دەروازە نافەرمییە سنوورییەکان.

کەناڵ8 بڵاویکردەوە “فالح سارى، وەزیرى دارایی عیراق رۆژی 5ی ئەم مانگە، راسپاردەیەکی بۆ ئەمیندارێتیی ئەنجوومەنی وەزیران ناردووە، سەبارەت بە جێبەجێکردنی سیستمی ئەسیکۆدا و دانپێدانان بە دەروازە سنوورییە فەرمییەکانی هەرێمی کوردستان و دابەشکردنی داهاتی گومرگ لەنێوان بەغدا و هەولێر”.

ئاماژەی بۆ ئەوەشکرد “راسپاردەکە لە سێ خاڵ پێکهاتووە، لەخاڵی یەکەمدا پێشنیازی پێکهێنانی لیژنەیەکی هاوبەش دەکات بە سەرۆکایەتیی دەستەی دەروازە سنوورییەکان و ئەندامێتی لایەنە پەیوەندیدارەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان، بەمەبەستی رووپێوی تەواوەتی بۆ هێڵی سنووری هەرێمی کوردستان و سەردانی دەروازە و مەرزە نافەرمییەکان”.

ئەوەشی خستەڕوو “ئامانجی پێکهێنانی لیژنەکە، پێشکەشکردنی راپۆرتێکی وردە، تیادا سەرجەم ئەو دەروازانە دیاری بکرێت کە مەرجەکانی کارکردنیان تێدایە و گونجاون، لەگەڵ ئەو دەروازانەی بۆ کارکردن گونجاو نین و پێویستە دابخرێن لەلایەن فەرماندەیی هێزەکانی سنوورەوە و پێویستە لیژنەکە لە ماوەی 30 رۆژدا راپۆڕتێک پێشکەش بە ئەنجوومەنی وەزاری ئابووری بکات، تاوەکو بڕیاری گونجاوی لەبارەوە بدرێت”.

باسی لەوەشکرد “خاڵی دووەمی راسپاردەکە، باس لە ئامادەکردنی کۆنووسێکی هاوبەش دەکات لەنێوان هەردوو وەزارەتی دارایی، بە مەبەستی دیاریکردنی لێخۆشبوون و رێگەپێدانە گومرگییەکان، تاوەکو لەلایەن ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراقەوە پەسەند بکرێت، دواتر لە سەرجەم دەروازە سنوورییەکان کاری پێبکرێت”.

وتیشی “سەبارەت بە شێوازی مامەڵەکردن لەگەڵ داهاتی گومرگی بەدەستهاتوو لە دەروازەکانی هەرێمی کوردستان، بەگوێرەى زانیارییەکان، وەزیری دارایی عیراق دوو پێشنازی بۆ ئەمیندارێتی ئەنجوومەنی وەزیران ناردووە تاوەکو بڕیاری لەبارەوە بدرێت، یەکەمیان: ئەوەیە تەواوی داهاتی دەروازەکانی هەرێمی کوردستان بگەڕێتەوە بۆ وەزارەتی دارایی فیدڕاڵی، لەبەرانبەردا وەزارەتەکە پابەند دەبێت بە تەمویلکردنی پشکی هەرێمی کوردستان بە رێژەی 50%ی کۆی داهاتە بەدەستهاتووەکان بەشێوەی مانگانە، پێشنیازی دووەمیش: کردنەوەی دوو هەژماری بانکییە، لە رێگەی داهاتی دەروازە سنوورییەکانی هەرێمی کوردستانەوە، ڕاستەوخۆ بەبڕی 50% بۆ هەولێر و بەغداد بخرێتەسەر ئەو هەژمارە بانکییانە، کە هەژمارێکیان تایبەت دەبێت بە حکومەتی فیدراڵی و هەژمارێکیان تایبەتە بە هەرێمی کوردستان”.

ب ح

بابەتی تر

نوێترین هەواڵەکان