مەودا میدیا-
دەستەی حەشدی شەعبی ئاشکرایکرد فالح فەیاز، سەرۆکی دەستەکەیان لە نووسینگەی تایبەتی خۆی لە بەغدا، پێشوازی لە ئانیل بۆرا ئینان، باڵیۆزی تورکیا لە عیراق کردووە.
فالح فەیاز، سەرۆکی دەستەی حەشدی شەعبی رایگەیاند “عیراق هەر جۆرە دەستوەردانێکی دەرەکی لە کاروباری ناوخۆی وڵاتەکەیدا رەتدەکاتەوە و پێویستە رێز لە نەریتە دیپلۆماسییەکان بگیرێت”.
ئاماژەی بۆ ئەوەشکرد “دەبێت پەیوەندییەکانی بەغدا و ئەنکەرە لەسەر بنەمای رێزگرتن لە سەروەریی خاک بێت و هەردوولا بە تەواوی رێز لە حکوومەت و پرسە نیشتمانییەکانی یەکتر بگرن”.
ئەمەش لە کاتێکدایە، رۆژی 9ی ئەم مانگە هاکان فیدان، وەزیری دەرەوەی تورکیا لە کەناڵی CNN TURK رایگەیاندبوو “هیواخوازە عیراق وانە لە سوریا وەربگرێت و بڕیارێکی ژیرانەتر بدات، چیتر رێگە نەدات خاکەکەی لەلایەن گرووپە چەکدارەکانی سەربە پەکەکەوە داگیر بکرێت”.
ب ح