مەودا میدیا-
نوێنەری مامۆستایانی ناڕازیی ئاشکرایکرد لە چەند رۆژی رابردوودا وەك کۆمەڵێك مامۆستا و فەرمانبەری وەزارەتەکانی پەروەردە و خوێندنی باڵا و کۆمەڵێك لە وەزارەتەکانی تری هەرێمی کوردستان (کە مووچەکانیان چەند مانگێکە راگیراوە) چوونەتە بەغدا و سکاڵایان تۆمارکردووە.
دڵشاد میرانی، نوێنەری مامۆستایانی ناڕازیی بە مەودا میدیای راگەیاند “راگرتنی مووچەکانیان لەسەر پڕنەکردنەوەی (هەژماری من) کارێکی نایاسایی و نائەخلاقیی و زۆردارانەیە، چونکە هەموو ئەو رەخنە و سەرنجانەی کە لە پاش سەپاندنی هەژمارەکە خرانەروو، بەهەند وەرنەگیران. بۆیە سەدان هەزار مووچەخۆر بە هەڕەشە و چاوسوورکردنەوە بە ناچاریی و لە بێ دەرەتانییدا بەزۆرەملێ ناچاری پڕکردنەوەی بوون”.
ئاماژەی بۆ ئەوەشکرد “پرسی بە بانکییکردنی مووچە و مامەڵەی دارایی پێداویستییەکی سەردەم و داخوازییەکی گشتییە، بەڵام لە چوارچێوەی بانکی نیشتیمانیی و حکومییدا، نەك لە رێگای کۆمەڵێك بانکی کەسیی و حیزبییەوە مانگانە چەند ملیار دینارێك سەرانە لە خەڵك وەربگیرێت”.
ئەوەشی خستەڕوو ” چەند مانگێکە مووچەیان بڕاوە و پێیانوایە راگرتنی کۆی مووچەی کەسێك لەهیچ یاسایەکی هیچ وڵاتێکدا بوونی نییە، تەنانەت بڕینی مووچەی(تاوانباران)ی دادگاش بە رێژەی لە 20٪ زیاتری مووچەکەیان نابێت رابگیرێت”.
باسی لەوەشکرد “ئەوەی پێیگەیشتوون لەو بارەیەوە”:
1- سوپاسی هەوڵ و ماندوبوونی بەشێك لە ئەندامانی پەرلەمانی عیراق دەکەن لە فراکسیۆنە جیاوازەکان کە هاوکاریان بوون، بەڵام بە روونییش پێیان وتن: هەژمار و پرسی مووچەخۆران لای هەردوو حکومەت بەشێکە لە بابەتی رێککەوتنە سیاسییەکان و سەروسەودای پێوەئەکرێت، بۆیە لەم دۆخەی عیراقدا یاسا شکێنیی و پشتگوێخستنی ماف و شایستە داراییەکان بوون بە رۆتین و بە ئاسانیی تێئەپەڕێت.
2ـ ئەگەر لەژێرباری هەر خۆسەپاندن و زۆردارییەکدا لە ئایندەدا هەر کەسێکیتر ناچار بە پڕکردنەوەی (هەژماری من) بکرێت، پێانوایە هیچ دۆخێکی سیاسیی و رێککەوتنێکی پڕ لە بەرژەوەندیی دەسەڵاتی تاڵانکار گەرەنتییکراو و تاسەر نییە، بۆیە بۆ ئێستا و ئایندەش بەردەوامن لە بەرگرییکرن لە مافە زەوتکراوەکانی مووچەخۆران و سکاڵایان لەسەر راگرتنی پلەبەرزکردنەوەی مووچەخۆران تۆمار کرد.
ب ح