مەودا میدیا-
سیفیسیل متۆنگۆوا، كە یاریزانێكی بۆكسێنەری ئەفریقای باشوورە، لە ساڵی 2022 لە پاڵەوانێتییەكی یاری بۆكسێندا بەشداری كرد بە هیوای ئەوەی نازناوەكە بباتەوە و بەهۆیەوە باری دارایی خێزانەكەی بۆ باشتر بگۆڕێت، بەڵام لە بێبەختی ئەو و بەبێ ئەوەی مەبەستی بێت، كاتێك رووبەڕووی یەكێك لە یاریزانەكانی پاڵەوانێتییەكە بوویەوە بە ناوی سیمیسۆ بوتێلێزی، یاریزانەكە تووشی خوێنبەربوونی مێشك هات و دوای مانەوەی بۆ ماوەیەكی كەم لە نەخۆشخانە كۆچی دواییكرد.
دوای ئەو رووداوەش لە چاوپێكەوتنێكدا متۆنگۆوا ئاشكرایكرد” تووشی ناڕەحەتییەكی دەروونی توند بووە و رووبەڕووی هێرشێكی زۆر خراپ بووەتەوە لە رێگەی ئۆنلاینەوە، بەڵام ئەو بەرپرسیار نییە لە مردنی بەرامبەرەكەی، بەڵام بەهۆی هەڕەشە و رەخنەكانەوە تەنانەت بیری لە خۆكوشتنیش كردووەتەوە”.
متۆنگۆوا دەڵێت” كاتێك سیمیسۆ لە نەخۆشخانە خەوێندرابوو، لە سۆشیال میدیادا رەخنەی توندی لێگیراوە و سووكایەتییەكی زۆری پێكراوە، بەڵام رەخنە و سوكایەتییەكان دوای مردنەكەی توندتر بوو، تەنانەت دراوسێكانم پەیامی ترسناكیان لەسەر من لە سۆشیال میدیا بڵاوكردەوە و زانیم ئیتر سەلامەت نابم، بۆیە گەیشتە ئاستێك كە ئیتر بەرگەی ئەوەم نەگرت و زۆر بە جدی بیرم لە خۆكوشتن كردەوە”.
هەروەها دەڵێت” رەنگە یاری بۆكسێنمان هەبووبێت، بەڵام ئەوە پرسی ژیان و مردن نەبووە، تەنها ئەوەم دەویست نازناوەكە بەدەستبهێنم، كە هیواداربووم یارمەتیدەربێت بۆ گۆڕینی ژیانی من و خێزانەكەم، چونكە تاكە كەس بووم لە ماڵەوە كارم دەكرد و لەگەڵ برا بچووكەكەم لەگەڵ خاڵم و منداڵەكانی دەژیام، چونكە دایكم لە تەمەنی چوار ساڵیدا كۆچی دوایی كرد و باوكیشم هێشتا لە ژیاندایە، بەڵام لەگەڵیدا ناژین، هەربۆیەش بردنەوەی ئەو نازناوە كە پاڵەوانێتی كێشی سوكی ئەفریقا بوو لە رووی داراییەوە یارمەتی زۆری دەدام، بەڵام خەڵك بە بكوژ ناویان دەبردم لە كاتێكدا دەكرا من قوربانییەكە بم نەك بوتێلێزی.”
متۆنگۆوا لە ساڵی 2022 كاتێك بەشداری پاڵەوانێتییەكەی كرد لە یارییەكی ١٠ قۆناغیدا بەرامبەر هاونیشتیمانییەكەی سیمیسۆ بوتێلێزی بوویەوە، بەڵام ناوبژیوان شەڕەكەی وەستاند كاتێك دەركەوت بوتێلێزی لە خۆیەوە بە ئاراستەیەكی تر بۆكس فڕێدەدات بەبێ ئەوەی بەرامبەرەكەی بپێكێت.
هەربۆیەش دەستبەجێ ئەو بۆكسێنەرە گەنجە رەوانەی نەخۆشخانە كرا و دوای ئەوەی دەركەوت تووشی خوێنبەربوونی مێشك بووە، خرایە كۆمای پزیشكییەوە، بەڵام لە كۆتاییدا بەهۆی سەختی برینەكەیەوە لە تەمەنی 24 ساڵیدا گیانی لەدەستدا.
لە عەرەبییەوە، ئەرسەلان پەرۆش