مەودا میدیا-
ئەندامێکی پەرلەمانی کوردسان ئاشکرایکرد بە پێی رەشنووسی حکومەتی هەرێم کە لە (2025/7/7) پێشکەشی حکومەتی فیدراڵی کردووە، هەرێم خۆی داوای (65 هەزار) بەرمیل نەوتی رۆژانەی بۆ پێداویستی ناوخۆ کردووە و پێشتر لە (2025/6/25) راوێژکاریی سەرۆکی حکومەتی هەرێم هەمان ژمارەی پشتڕاستکردەوە.
کاوە عەلی کەریم، ئەندامی پەرلەمانی کوردستان لە فراکسیۆنی یەکگرتووی ئیسلامیی بە مەودا میدیای راگەیاند “کاتێک بەنزین بەنرخی بازرگانی (800 دینار) بوو، حکومەتی فیدراڵی پێشنیازی کرد کە پێداویستی سووتەمەنی ناوخۆ بە نرخی پاڵپشتیکراو بە (450) دینار دابین بکرێت بەڵام ئەو پێشنیازە قبوڵ نەکرا “.
ئاماژەی بۆ ئەوەشکرد “ئەگەر ئەو پێشنیازەی بەغدا بە زیانی هاوڵاتییان و حکومەتی هەرێم بوو، بۆچی لە کاتی خۆیدا وەڵامێکی فەرمی و بەڵگەدار بۆ وەرەقەی حکومەتی عیراق نەدرایەوە؟ تەنها لە 2025/7/17، داوایانکرد لە 46 هەزار بەرمیل رۆژانە بکرێت بە 50 هەزار بەرمیل نەوت، هەروەها، لە 2025/9/27 تاوەکو 2026/7/18، نزیکەی 294 رۆژ تێپەڕیوە، ئەگەر رۆژانە 50 هەزار بەرمیل نەوت رادەستکرابێت، ئەوا نزیکەی (14 ملیۆن و 700 هەزار) بەرمیل نەوت وەرگیراوە، جگە لەو بڕانەی بەشێوەی تر و ناڕوون دابینکراون بۆ پاڵاوگەکان”.
ئەوەشی خستەڕوو “پاڵاوگەکان لە هەرێمی کوردستانن، نەوتی خاو لە دەرەوەی عرایق هاوردە ناکرێت و تێچووی گواستنەوە و گومرکیش لە ئارادا نییە، جگە لە قازانجی کۆمپانیاکان چی هۆکارێکی ئابووری هەیە بۆ ئەو گرانبوونە؟لە کاتێکدا پاڵاوگەکان و دەروازە سنوورییەکان بەردەوام قەرەباڵغن بە هاتوچۆی تەنکەرەکان بۆ هەناردەی بەنزین بۆ تورکیا و گازی سرووشتی بۆ ئێران، بۆچی هاوڵاتییانی هەرێم نابێت لە سامانی سرووشتی خۆیان بە نرخێکی گونجاو سوودمەند بن”.
باسی لەوەشکرد “حکومەتی عیراق ئامادە بوو بەنزینی پاڵپشتیکراو بە نزیکەی 450 دینار دابین بکات، بۆچی رەتکرایەوە، لە کاتێکدا بەنزینی پاڵپشتیکراو بە 450 دینار دەتوانرا دابین بکرێت و بەنزینی بازرگانی 800 دینار بوو، ئێستا هاوڵاتییان و حکومەتیش ناچارن هەزار و 400 دینار بدەن، ئەو جیاوازییەی 600 تا 950 دینار بۆ هەر لیتر، دەچێتە گیرفانی کێیەوە؟ رەخنەگرتن لە گرانبوونی نرخی کارەبا، و دیارنەمانی داهاتەکەی بۆ خەزێنەی حکومەت، دژایەتی کارەبای 24 کاتژمێر نییە؛
رەخنەگرتن لە دیارنەمانی داهاتی هاتوچۆ، دژایەتی بەرژەوەندیی و سەلامەتی هاوڵاتییان نییە، رەخنەگرتن لە دیارنەمانی داهاتی وەزارەتی سامانە سرووشتییەکان و گرانبوونی نەوتی سپی و دیزڵ و گاز و بەنزینیش دژایەتی نییە بەڵکو داوای سوودمەندبوونی هاوڵاتییانە لە سامانی سرووشتیی خۆیان”.
وتیشی “ناکرێت هەر کەسێک پرسیار دەکات یان رەخنە دەگرێت تاوانبار بکرێت و بە دژایەتی پڕۆژەکان تۆمەتبار بکرێت، باشترە بەرپرسان بە ژمارە، بەڵگە و شەفافییەت وەڵام بدەنەوە. ئەوە نیشانی متمانە بە خۆ و بە هەڵسوکەوتی دەوڵەتدارییە، حکومەتە سەرکەوتووەکان رەخنە بە هەڕەشە نازانن بەڵکو بە دەرفەتی چاکسازیی دەزانن، پێویستە بەخۆداچوونەوە بکرێت و سوود لە رەخنە وەربگیرێت”.
ب ح