خەمخۆریی بۆ خەڵک و خاك

بێری غەریب

هەندێک پەیام تەنها وشە نین؛ بەڵکوو هەڵوێستن. هەندێک دەنگ تەنها بۆ وتن نییە؛ بەڵکوو بۆ پاراستنی نیشتمان و بەرگری لە بەرژەوەندیی گەلە. پەیامەکەی سەرۆک بافڵ جەلال تاڵەبانی، لە ناوەڕۆکدا بۆنی خەمخۆری بۆ خاک و نیشتمان لێدێت. ئەو خەمخۆرییەی لە قوربانییەکانی ئەم خاکەوە سەرچاوە دەگرێت، لە مێژووی پڕ لە خەباتی گەلی کورد هێزی وەرگرتووە و بانگەواز بۆ پاراستنی یەکڕیزی و هاوبەشبوون لە پێناوی بەرژەوەندیی گشتی دەکات.

لە بارودۆخێکی هەستیاردا، ئەو سەرکردەیە سەرکەوتووە کە بتوانێت دەنگی هیوای گەل بێت، نەک دەنگی ناکۆکی. خەمخۆری بۆ خاک واتای ئەوەیە کە بەرژەوەندیی نیشتمان لە سەرووی هەموو بەرژەوەندییە حزبی و تاکەکەسییەکانەوە  بێت. بێگومان بە هەمان رێبازەکەی  مام جەلالدا دەڕوات کە هەمیشە بانگەشەی بۆ دەکرد؛ رێبازی دیالۆگ، یەکڕیزی و بەرپرسیارێتی.

ئەمڕۆ کە کوردستان و عیراق رووبەڕووی چەندین ئاڵۆزیی سیاسی، ئابووری و هەرێمایەتی بوونەتەوە، گەورەترین پەیام ئەوەیە کە پاراستنی خاک، مافی خەڵک و دامەزراندنی هاوسەنگی سیاسی، پێویستی بە هەمووان هەیە. ئەوەش بە قسەی توند نابێت، بەڵکوو بە دڵسۆزی و گفتوگۆ و بەرپرسیارێتی دەبێت .

خاک تەنها سنوور نییە؛ متمانەی گەلە. نیشتمان تەنها ناو نییە؛ ناسنامەی نەوەکانە. هەر دەنگێک کە ئەم مانایە بپارێزێت، دەنگی خەمخۆری و نیشتمانپەروەرییە، نەک دەنگی بێهیوایی.

لە کۆتاییدا، نرخی پەیامە سیاسییەکان بە جوانی وشەکان ناپێوردرێت، بەڵکوو بە ئاستی دڵسۆزییان بۆ خاک، بەرپرسیارێتییان بۆ گەل و تواناى دروستکردنی هیوای هاوبەش دەژمێردرێت. ئەگەر پەیامێک بتوانێت خەڵک لە دەوری بەرژەوەندیی نیشتمان یەکبخاتەوە، ئەوا ئەو پەیامە بۆنی خاک نییە؛ بۆنی خەمخۆری، نیشتمانپەروەری و بەرپرسیارێتی لێدێت.

خ.غ

بابەتی تر

نوێترین هەواڵەکان