هاوپەیمانیی هێزەکانی رۆژهەڵات پەیامێکی بڵاوکردەوە

مەودا میدیا-

هاوپەیمانیی هێزە سیاسییەکانی کوردستانی ئێران پەیامێکی بڵاوکردەوە و ئاشکرایکرد کۆماری ئیسلامیی ئێران دوای شکستی دانووستانەکانی لەگەڵ ئەمەریکا و بۆ پەردەپۆشکردنی قەیرانە ئابووری و سیاسییە ناوخۆییەکانی، هێرشە ئاسمانی و زەمینییەکانی بۆ سەر بنکەکانی حزبە سیاسییەکانی رۆژهەڵات لە ناوخۆی هەرێمی کوردستان چڕتر کردووەتەوە.

هاوپەیمانیی هێزە سیاسییەکانی کوردستانی ئێران رایگەیاند “بەپێی نیشانەکانی سەر برینی بریندارەکان، سوپای پاسداران چەکی قەدەغەکراوی (فۆسفۆڕی سپی) لە هێرشەکانی سەر حزبەکانی رۆژهەڵات بەکارهێناوە، کە ئەمەش بە تاوانی جەنگ و تاوان دژی مرۆڤایەتی ئەژمار دەکرێت”.

ئاماژەی بۆ ئەوەشکرد “لە ئەنجامی ئەم شەپۆلە نوێیەی هێرشە مووشەکی و درۆنییانەدا، ژمارەیەک لە پێشمەرگەکانی پارتی ئازادیی کوردستان (پاک)، کۆمەڵەی شۆڕشگێڕی زەحمەتکێشان، حزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران (حدکا) و گەریلاکانی یەکینەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان (یەرەکە) شەهید و بریندار بوون”.

ئەوەشی خستەڕوو ” داوای لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتیی دەکەن، لە بەرانبەر دەستدرێژی و تاوانەکانی کۆماری ئیسلامیدا بێدەنگ نەبن، هەروەها هاوکارییە سیاسییەکان و خەباتی هاوبەشی حزبەکان بەردەوام دەبێت تا ئەو کاتەی کۆماری ئیسلامی دەڕووخێت و سەرجەم مافە نەتەوەیی و سیاسییەکانی خەڵکی رۆژهەڵاتی کوردستان بەدیدەهێنن”.

بابەتی تر

نوێترین هەواڵەکان