سۆزان حەمەتاتە
کورد وەکوو نەتەوە، لە مێژووی دوور و درێژی خۆیدا بەردەوام لە ئاستێکی بەرزدا داوای برایەتی و پێکەوەژیانی لە دوژمنەکەی کردووە، ئەمە رەنگە نەشازترین جۆری داواکاری بێت لە مێژووی جیهاندا؛ نەتەوەیەکی داگیرکراو داوای برایەتی و پێکەوە ژیان لە نەتەوە داگیرکەرەکەی بکات!
نەتەوەی سەردەست هەمیشە، زۆرینەیان ویستی ئەوەیان هەیە ژێرخانی و سەرخانی نەتەوەی داگیرکراو بخەنە ژێر هەژموونی خۆیانەوە، بگرە وەکوو شێوازی ژیان و بیرکردنەوەشیان بگۆڕن و وەکوو ئەوەی خۆیانی لێبکەن.
هەر چوار دەوڵەتە داگیرکەرەکەی کوردستان سیاسەتی تواندنەوەی کوردیان بەرانبەر کورد پەیڕەو کردووە، لە قەدەغەکردنی زمانەوە تا جینۆسایدکردنی مرۆڤی کورد، کردوویانە و بگرە شانازیشی پێوەدەکەن.
دوای دەستپێکردنی راپەڕینی گەلانی سوریا لە چوارچێوەی بەهاری عەرەبیدا، کوردانی رۆژئاوا دەرفەتێکیان بۆ رەخسا کەوا هەنگاو بەرەو ئازادبوونیان بنێن، بەو هۆیەیشەوە وردە وردە هێزی چەکدارییان پێکەوەنا و لەسەر ناوی هێزەکانی سوریای دیموکرات- هەسەدە رێککەوتن.
بوونی پێکهاتەی عەرەبی و بەتایبەت ئەندامانی عەشیرەتە بەدەوییەکان و ئەوانەی نزیکبوون لە کورد، لەناو هێزەکانی سوریای دیموکراتدا وەکوو بۆمبی تەوقیتکراو وابوو، عەرەبەکان بە بڕواوە نەبوونە بەشێک لەو پێکهاتە سەربازییەی کەوا کورد سەرپەرشتیی دەکردن، بەڵکوو زیاتر هۆکارەکەی ئەوە بوو بەو هۆیەوە خۆتان و ناوچەکەیان لە رێکخراوی تیرۆریستیی داعش پاراست و بەشێکی زۆری ئەندامانی عەشیرەتەکانیش بوونە خاوەن کار و مووچەی مانگانە.
کاتێک رژێمەکەی بەشار ئەسەد رووخاو و ئەحمەد شەرع جێگەی گرتەوە و بووە فەرمانڕەوای رەهای وڵات، بۆ بێهێزکردنی نەیارەکانی دەیان فێڵ و رێگەی تاقیکردەوە، یەکێک لەوانە هاندانی عەشیرەتە عەرەبەکان بوو بۆ جیابوونەوەیان لە هەسەدە بەرانبەر پلە و پۆست و دەستکەوتی ماددیی زۆر.
ئەوە جیابوونەوەیان، یەکەمین گورزی کاریگەر بوو لە هەسەدە، بەدوای ئەویشدا وا دەبینین عەشیرەتەکان کۆبوونەتەوە و دەیان داواکارییان هەیە دژی کورد، تەنانەت داوای لابردنی پارێزگارە کوردەکەی حەسەکە، نورەدین عیسا دەکەن.
ئەزموونی هەوڵدان بۆ درووستکردنی دەرفەتی پێکەوەژیان و برایەتیی لەگەڵ دوژمن، دەرەنجامی وای لێ دەکەوێتەوە، هیچ نەتەوەیەکی داگیرکەری کورد هەرگیز بڕوای بە برایەتی لەگەڵ کورد نەبووە و وەڵامی ئەرێنییان بۆ ئەو داواکارییەی کورد نەبووە و ناشیان بێت.
لەبری داوای برایەتی و پیکەوەژیان، خۆبەهێزکردن و یەکگرتوویی کورد گرنگترە و دەرئەنجامی باشی دەبێت.