شارەزایەکی کەشناسی پێشبینی بارانبارین دەکات

مەودا میدیا-

شارەزایەکی بواری کەشناسی ئاشکرایکرد ​لەدوێنێوە شەپۆلێکی گەرما رووی لە بەشێک لە ناوچەکانی هەرێمی کوردستان کردووە و لەگەڵیدا رەشەبا بە شێوەی لاواز بۆ مامناوەند هەڵیکردووە، خێرایی رەشەباکە بە لاواز بۆ مامناوەند دەمێنێتەوە”.

شاڵاو هیدایەت، شارەزای بواری کەشناسی بە مەودا میدیای راگەیاند “شەپۆلی گەرما فراوانتر و چالاکتر دەبێت و پێشبینی دەکرێت لە ناوچە شاخاوی، نیمچە شاخاوی و بەشێک لە دەشتاییەکاندا بەرزترین پلەی گەرمی هاوینە تۆمار بکرێت”.

ئاماژەی بۆ ئەوەشکرد “سبەینێ چالاکبوونی رەشەبا زیاد دەکات و لە زۆرێک لە ناوچەکاندا دەبێتە رەشەبای بەهێز، بەتایبەت لە ناوچە جیاوازەکانی پارێزگای هەولێر، ئیدارەی سۆران، ئیدارەی راپەڕین، کۆیە، بەشێک لە بادینان، پێنجوێن و دەوروبەری، سلێمانی، باکووری سنوری پارێزگای سلێمانی و باکووری گەرمیان، بە خێرایی (50 تاوەکو 70 ) کم دەبێت لە کاتژمێرێکدا”.

ئەوەشی خستەڕوو “رەشەبا تاوەکو ناوەڕاستی هەفتەی داهاتوو ناو بەناو چالاک دەبێت و لە دوای ناوەڕاستی هەفتەی داهاتووەوە رەشەباو شەپۆلە گەرماکە کۆتایی پێدێت و پلەکانی گەرما لە هەموو ناوچەکاندا بە رێژەی (4 بۆ 5) پلە روو لە دابەزین دەکەنەوە لەماوەی ئەو رەشەبایشدا بەهۆی هاتنی بڕێک هەور لە رێگای رەشەبایەکەوە لە هەندێ شوێنی دیارینەکراو تایبەت شاخاوییەکان ئەگەر باران بارین هەیە”.

باسی لەوەشکرد “پێشبینی دەکات ئەم شەپۆلە گەرمایە یەکەم و دواین شەپۆلی گەرمای بەهێزی ئەم هاوینە بێت کە تێکرای مانەوەی هەفتەیەکە لەناوچەکانمان بەڵام لەو مەودایەشدا هەموو رۆژان وەک یەک گەرم نیە و پلەکانی گەرما بەرزو نزمی کەمدەکات ، لەماوەی ئەو هەفتەیەدا بەپێی ناوچەکان”.

ب ح

بابەتی تر

نوێترین هەواڵەکان