دڵشاد موانی: ئەوەی لە کەناراوەکانی ئیسپانیا روودەدات ئاسایی نییە

مەودا میدیا-

نووسەر و شارەزایەکی پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکان ئاشکرایکرد ئەوەی ئەمڕۆ لە کەناراوەکانی شاری سەبتە روویدا، تەنها شەپۆلێکی ئاسایی کۆچبەری نەبوو، بەڵکو گوزارشتێکی ترسناک بوو لە ترازانی پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکان و شکستی قووڵی سیستمی سیاسی لە ناوچەکەدا، کاتێک لە ماوەی تەنها 24 کاتژمێردا نزیکەی 49 هەزار مرۆڤ وەک لافاوێکی مرۆیی روو لە خاکێک دەکەن، ئەمە پەیامێکی روونە کە جەستەی نیشتمان تووشی دارمانێکی وا بووە کە هاوڵاتییانی ئامادەن لە پێناو رزگاربوون لێی، مەرگی ناو شەپۆلەکان وەک تاقە هیوایەک هەڵبژێرن.

دڵشاد موانی، نووسەر و شارەزای پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکان لە شاری لەندەن بە مەودا میدیای راگەیاند “بڕیاری دادگای باڵای ئیسپانیا سەبارەت بە رێگریکردن لە گەڕاندنەوەی دەستبەجێی کۆچبەران، بووە هەلێک بۆ تۆڕەکانی قاچاخچێتی تا خەڵکی هان بدەن بەرەو ئەو دەرچەیە بڕۆن، بەڵام هۆکارە بنەڕەتییەکە قووڵترە و پەیوەندی بە بێکارییەکی کوشندە و نەبوونی ئاسۆی ژیانەوە هەیە لە ناوخۆی مەغریبدا”.

ئاماژەی بۆ ئەوەشکرد “لێشاوی کۆچبەرانی مەغریب، سەلماندی کۆچبەر تەنها بۆ گەیشتن بە خۆشگوزەرانی ناڕوات، بەڵکو بۆ راکردن لەو نیشتمانە زیندان ئاسایە دەڕوات کە تێیدا نووخبەیەکی سیاسی شەو و رۆژ دروشمی نیشتمانپەروەرییان پێ دەفرۆشنەوە، لە کاتێکدا هەمان ئەو نوخبەیە ژیان و سامانی وڵاتییان بۆ بەرژەوەندیی خۆیان قۆرخ کردووە”.

ئەوەشی خستەڕوو “ئەم رووداوە پەردەی لەسەر یارییەکی قێزەونی دیپلۆماسی لادا کە لە نێوان یەکێتیی ئەوروپا و دەوڵەتانی باکووری ئەفریقادا بەڕێوەدەچێت، ئەم دەوڵەتانە لە ڕێگەی “بەرنامەکانی شەراکەت”ەوە بوونەتە پاسەوانی سنووری بەکرێگیراو بۆ پیاوی سپی پێستی ئەوروپی، پارە و بێدەنگی لە ئاست ستەمکارییەکانیان وەردەگرن لە بەرانبەر ئەوەی رێگری لە گەیشتنی “وەحشییەکان” بە (بۆچوونی ئەوان) بکەن بۆ ناو خاکی ئەوروپا”.

باسی لەوەشکرد “کاردانەوەکانی ناوخۆی ئەوروپا وەک هەمیشە پڕ بوو لە دووفاقی و ترس، هەڕەشەکانی ئیتاڵیا بۆ هەڵپەساردنی ئەندامێتی ئیسپانیا لە ناوچەی شێنگن و تووندکردنی سنوورەکانی فەرەنسا، نیشانەی ئەوەن کە یەکێتی ئەوروپا تەنها لە کاتی هەڕەشەکاندا یەکدەگرێت، نەک بۆ چارەسەرکردنی رەگی کێشەکان، ئەوروپا دڵخۆشە کاتێک وڵاتانی وەک تونس و مەغریب و لیبیا بە توندترین شێوە کۆچبەران لە بیابانەکانی خۆیان فڕێ دەدەن و ئەشکەنجەیان دەدەن، چونکە تاوانەکە لە دوورەوە ئەنجام دەدرێت و دەستی ئەوان بە خوێن سوور نابێت، ئەم هاوپەیمانییە شەیتانییەی نێوان ستەمکاریی ناوخۆیی و بەرژەوەندیخوازیی دەرەکی، ژینگەیەکی خوڵقاندووە کە تێیدا مرۆڤی عەرەبی و ئەفریقی هیچ بەهایەکی نەماوە”.

وتیشی “ئەمە گەورەترین شکستی ئەخلاقییە کە تێیدا دەسەڵاتە عەرەبییەکان رۆڵەکانی خۆیان وەک کارتی سووتاو بۆ دەستکەوتی سیاسی و دارایی بەکاردەهێنن، کاتێک مەغریب وەک فشارێکی سیاسی بەرانبەر ئیسپانیا لەسەر کێشەی بیابانی رۆژئاوا یان هەر ململانێیەکی تر، بۆ ماوەی چەند کاتژمێرێک چاو لە سنوورەکان دەپۆشێت، ئەنجامەکەی ئەو کارەساتە مرۆییەیە”.

ب ح

بابەتی تر

نوێترین هەواڵەکان