داوا دەکرێت سیستمی خاڵبەندی بۆ کوڕ و کچی ئەنفالکراوان هەژمار بكرێت

مەودا میدیا-

ئەندامێکی پەرلەمانی کوردستان داوا لە وەزارەتی خوێندنی باڵاو توێژینەوەی زانستیی هەرێم دەکات سیستمی خاڵبەندی بۆ کوڕان و کچانی ئەنفالکراوان هەژمار بكرێت.

فاتیح سەنگاوی، ئەندامی پەرلەمانی کوردستان لە فراکسیۆنی یەکگرتووی ئیسلامیی بە مەودا میدیای راگەیاند “​پێویستە پرۆسەی جێگرتنەوە (لەجیاتی دانان) بۆ گرێبەستەکانی وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی، سیستمی خاڵبەندی بۆ کوڕان و کچانی ئەنفالکراوان هەژمار بكرێت و ئاسانکاریی تایبەتیان بۆ بکرێت”.

ئاماژەی بۆ ئەوەشکرد “ئەو کەسانەی لە کاتی شاڵاوەکانی ئەنفالدا لەدایکبوون (کە ئێستا بچووکترین تەمەنیان 38 ساڵە و ژمارەیەکی کەم و سنووردارن)، داواکارن لەبەرچاو بگیرێن و ئاسانکاریی تایبەتیان بۆ بكرێت”.

ئەمەش لە کاتێکدایە، پێش دوو رۆژ لەمەوبەر وەزارەتی خوێندنی باڵا بڕیاریدا پرۆسەی لەجیاتی دانان ئەمجامبدات بۆ (ئەو وانەبێژانەی بە گرێبەست دامەزراون لەسەر داهاتی ناوخۆ بەڵام بەهۆکاری جیا جیا دەست بەکارنەبوون)، یان (ئەوانەی لەسەر داهاتی خوێندنی باڵا و زانکۆکان دامەزراون بە گرێبەست و دەست بەکارنەبوون)، یان (هەموو ئەوانەی بە کرێی کاری رۆژانە لە دامەزراوەکانی خوێندنی باڵا دامەزراون و دەست بەکاربونیان نەکردووە.

ب ح

بابەتی تر

نوێترین هەواڵەکان