واشنتۆن و تاران… ئاڵوگۆڕی پەیامەکان دەبێتە هۆی رێککەوتن؟

مه‌ودا میدیا-

ئاگربەستی نێوان واشنتۆن و تاران بەزەحمەت کەوتبووە بواری جێبەجێکردنەوە کاتێک هەمان سیناریۆ دەستی بە دووبارەبوونەوەی خۆی کرد، ئاڵوگۆڕی پەیامەکان، هەوڵەکانی نێوەندگیریی ناوچەیی و قسەکردن لەسەر رێڕەوێکی دانوستان، هەموویان لەگەڵ پەرەسەندنی گرژییەکانی سەر زەوی و گێژاوی سیاسیی بەرەوڕوو بووەوە.

لە کاتێکدا تاران پێداگريی لەسەر ئەوە دەکات کە گفتوگۆ وەک تاکە بژاردە دەمێنێتەوە، شاره‌زایان دەڵێن تاکتیکەکانی وەستان بوونەتە بەشێک لە ستراتیژی بەڕێوەبردنی قەیرانەکان. لەم نێوەندەدا، بۆچوونەکان جیاوازن لەسەر ئەوەی کە ئایا پەیوەندییە بەردەوامەکان رێگە خۆش دەکەن بۆ رێککەوتنێکی راستەقینە یان تەنها هەوڵێکە بۆ دواخستنی خولێکی دیکەی پەرەسەندن.

حسێن رۆیۆران، مامۆستای زانستە سیاسییەکان لە زانکۆی تاران، لە لێدوانێکیدا بۆ سکای نیوزى عه‌ره‌بى وتى “دانوستانەکان هەرگیز بەڕاستی نەوەستاون و بە بڕوای ئێمه‌ ئەمه‌ریکا بوو کە لە کاتێکدا ئێران هێشتا لەسەر مێزی دانوستان بوو، بە پەنابردنە بەر کردەی سەربازیی گفتوگۆی تێکدا”.

وتیشى “سیاسەتی ئێران بۆ زیاتر لە دوو دەیە لەسەر ئەو بنەمایە دامەزراوە کە ناکۆکی لەگەڵ ئەمه‌ریکا تەنیا لە رێگەی دانوستانەوە چارەسەر دەکرێت و تاران هەروا پابەندە بەم رێبازە”.

ئه‌وه‌شى خسته‌ڕوو، مەرج نییە دانوستان کۆبوونەوەی راستەوخۆی نێوان بەرپرسانی هەردوولا بەدوای خۆیدا بهێنێت، ناوبراو ئاماژە بە نەبوونی شاندی راستەوخۆی ئێران و ئەمه‌ریکا لە دیالۆگدا دەکات، هاوکات رۆژانە پەیامەکان لە رێگەی نێوەندگرانەوە، لەوانەش عومان، قەتەر و پاکستان ئاڵوگۆڕ دەکرێن.

باسى له‌وه‌شكرد “ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوەیی ئێران لە ئێستادا ئەو دەستەیەیە کە دەسەڵاتی بڕیاردانی سەبارەت بە رەوتی دانوستانەکان هەیە، بە ئەرکی رێبەری باڵاى ئێران، ئێران گەیشتن بە رێککەوتن رەت ناکاتەوە، بەڵکو پێداگریی لەسەر فۆرمولەی بردنەوە-بردنەوە دەکات، جا چ پەیوەندیی بە گەرووی هورمزەوە هەبێت یان بەرنامەی ئەتۆمی، به‌ڵام واشنتۆن فۆرمولەی “بردنەوە-دۆڕاندن” پێشنیار دەکات بە داوای راگرتنی پیتاندن و هەڵوەشاندنەوەی تەواوەتی بەرنامە ئەتۆمییەکە، کە تاران رەتیدەکاتەوە”.

دەشڵێت “پەیوەندییەکانی ئێستا و ئاڵوگۆڕی پەیام و هەوڵە دیپلۆماسییەکان بە پلەی یەکەم لەسەر دۆزینەوەی فۆرمولەی لێکتێگەیشتن سەبارەت بە گەرووی هورمز چڕبوونەتەوە”.

لە لایەکی دیکەوە فەهد شەلیمی سەرۆکی کۆڕبەندی کەنداو بۆ ئاسایش و ئاشتی لێکدانەوەیەکی جیاوازى هه‌یه‌ و ئەو پێی وایە ئێران وەک تاکتیکێکی وەستان مامەڵە لەگەڵ دانوستانەکان دەکات و گفتوگۆکە لە پرسە سەرەکییەکان دەگۆڕێت بۆ بابەتە پەراوێزییەکان کە گەیشتن بە رێککەوتنە یەکلاکەرەوەکان دوادەخەن.

ئەلشەلیمی رێککەوتنی ئەتۆمی ساڵی 2015 وەک نموونە دەهێنێتەوە و دەڵێت تاران پرۆسەی دانوستانەکانی بەکارهێناوە بۆ درێژکردنەوەی قەیرانەکە و گەیشتن بەو دەرئەنجامانەی کە لە خزمەت بەرژەوەندییەکانیدا بوون.

ع

بابەتی تر

نوێترین هەواڵەکان