مەودا میدیا-
ئەندامێکی پەرلەمانی کوردستان داوا لە وەزارەتی خوێندنی باڵاو توێژینەوەی زانستیی هەرێم دەکات سیستمی خاڵبەندی بۆ کوڕان و کچانی ئەنفالکراوان هەژمار بكرێت ئاشکرایکرد وەزیری خوێندنی باڵا پشتگیریی داواکەیانی کردووە و بەڵێنیداوە لەڕێی لیژنەیەکی تایبەتەکەوە رێکاری تایبەت بە کەسوکاری شەهیدان و ئەنفالکراوان بگیرێتەبەر.
سەرخێڵ نەجمەدین مەلا محەمەد، ئەندامی پەرلەمانی کوردستان لە فراکسیۆنی یەکێتی بە مەودا میدیای راگەیاند “پێویستە پرۆسەی جێگرتنەوە (لەجیاتی دانان) بۆ گرێبەستەکانی وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی، سیستمی خاڵبەندی بۆ کوڕان و کچانی شەهیدان، ئەنفالکراوان و زیندانیانی سیاسیی هەژمار بكرێت و ئاسانکاریی تایبەتیان بۆ بکرێت”.
ئەمەش لە کاتێکدایە، هەفتەی رابردوو وەزارەتی خوێندنی باڵا بڕیاریدا پرۆسەی لەجیاتی دانان ئەمجامبدات بۆ (ئەو وانەبێژانەی بە گرێبەست دامەزراون لەسەر داهاتی ناوخۆ بەڵام بەهۆکاری جیا جیا دەست بەکارنەبوون)، یان (ئەوانەی لەسەر داهاتی خوێندنی باڵا و زانکۆکان دامەزراون بە گرێبەست و دەست بەکارنەبوون)، یان (هەموو ئەوانەی بە کرێی کاری رۆژانە لە دامەزراوەکانی خوێندنی باڵا دامەزراون و دەست بەکاربونیان نەکردووە.
ب ح