مەودا میدیا-
بەپێی پێشبینییەكانی شارەزایەكی بواری كەشناسی، سبەینێ چوارشەممە ١٢ی ئاب، دیاردەیەكی دەگمەنی خۆرگیرانی تەواو روودەدات كە تەنها لە چەند ناوچەیەكی دیاریكراوی جیهاندا دەبینرێت”.
سالار حاجی عەلی، شارەزای بواری كەشناسی و گەردوونناسی بە مەودا میدیای راگەیاند” سبەی دیاردەی خۆرگیرانی تەواو روودەدات، بەڵام چەقی تەواوەتی خۆرگیرانەكە لە ناوچەی باكووری زەریای ئەتڵەسیدا دەبێت لە نزیك كەنارەئاوییەكانی باكووری ئیسپانیا كە تیایدا خۆر بە تەواوی داپۆشراوە و رووناكی رۆژ بۆ چەند خولەكێك دەگۆڕێت بە تایبەت لە وڵاتانی، گرینلاند، ئایسلەندا، باكووری رووسیا، زەریای ئەتڵەسی، ئیسپانیا و بەشێكی پورتوگال”.
وتیشی” بەپێی راپۆرتی ناسا، كاتی گشتی خۆرگیرانەكە بە كاتی هەرێمی كوردستان لە كاتژمێر 06:37 خولەكی ئێوارە دەست پێدەكات و لوتكەی خۆرگیرانەكەش لە كاتژمێر 08:45 خولەك دەبێت و لە كاتژمێر 10:52 خولەكی شەویش كۆتاییدێت”.
ئاماژەی بۆ ئەوەشكرد” زۆرترین ماوەی خۆرگیرانی تەواو لەم دیاردەیەدا لە هەندێك شوێن دوو خولەك و 18 چركە دەبێت و بەگشتیش ماوەی تەواوی دیاردەكە نزیكەی چوار كاتژمێر و 15 خولەك دەخایەنێت”.
باسی لەوەش كرد” خۆرگیرانەكە لە هەرێمی كوردستان نابینرێت، چونكە لە كاتی روودانی خۆرگیرانەكەدا لەم ناوچەیەدا شەوە ئەویش بەهۆی جیاوازی كات و سوڕانەوەی زەوی بە دەوری خۆیدا كە نزیكەی 24 كاتژمێر دەخایەنێت”.
ئ پ