مەودا میدیا-
شارەزایەکی بواری کەشناسیی ئاشکرایکرد لەئێستادا پلەکانی گەرمی بەبەرزی ماوەتەوە بەهۆی کاریگەریی ناوچەی پەستان نزمی وەرزی گەرمی ساڵانەی زەریای هندی، پێشبینی دەکەن تاوەکو چەند رۆژێکی تریش گەرمای تووند بەردەوام بێت.
سیروان ساڵح عەلی، شارەزای بواری کەشناسیی بە مەودا میدیای راگەیاند “ناوەڕاستی هەفتەی داهاتوو ئەگەر هەیە پلەکانی گەرمی چەند پلەیەک داببەزن بەهۆی کاریگەری تۆپەڵەهەوایەکی هاتوو لە دەریای ناوەڕاستەوە”.
ئاماژەی بۆ ئەوەشکرد “ئەگەرهەیە لە ناوچه کوێستانییەکان هەست بەفێنکی بکرێت و پلەکانی گەرمی لە رۆژدا لەنێوان ( 38° تاوەکو 42° پلە جێگیربێت ) لەناوچەکانی گەرمیانیش ئەگەر هەیە لە ناوەڕاستی هەفتەی داهاتوو تاوەکو پێنج بۆ شەش رۆژێک پلەکانی گەرما لە رۆژدا لەنێوان ( 41° – 44° پلە جێگیر ببێت )”.
ئەوەشی خستەڕوو “بەهۆی کەمبوونەوەی کاتەکانی رۆژ و درێژی شەو و لاربوونەوەی گۆشەی بەرکەوتنی تیشکی خۆر بەرەو کۆتایی گەرمای تووند دەچین، بەڵام هێشتا لەم مانگەدا ئەگەر هەیە بۆماوەی چەند رۆژێک پلەکانی گەرمی بەرزترببنەوە بەکاریگەری چەند رۆژێکی کەم و کاتەکانی رۆژ، بەشەو قۆناغ قۆناغ فێنک دەبێت”.
ب ح