مەودا میدیا-
وتەبێژی پارتی یەکسانی و دیموکراسی گەلان (دەمپارتی) ئاشکرایکرد یاسای چوارچێوە هەنگاوێکی مێژووییە بۆ کۆتاییهێنان بە ململانێی 100 ساڵە و هیچ هۆکارێکی یاسایی نەماوە بۆ مانەوەی سەڵاحەدین دەمیرتاش و فیگەن یۆکسەکداغ لە زیندانەکاندا.
ئایشەگوڵ دۆغان، وتەبێژی دەمپارتی رایگەیاند “بۆ ماوەی 40 ساڵ رێگەی ئەمنیی تاقیکرایەوە و هیچ ئەنجامێکی نەبوو جگە لە قووڵکردنەوەی کێشەکان، دەرکەوت چارەسەری راستەقینە تەنها بە سیاسەت، دیالۆگ و دانووستان دەبێت”.
ئاماژەی بۆ ئەوەشکرد “بۆ یەکەمجار لە مێژووی 100 ساڵەی پرسی کورددا، هەنگاوێکی یاسایی نراوە، پڕۆسەکەش نهێنی نییە و بۆ مەبەستی ئاشتی و یەکگرتنی کۆمەڵایەتی ئەو دەنگە مێژووییەی پێدراوە”.
ئەوەشی خستەڕوو “لەئێستادا پەکەکە بە فەرمی کۆتاییهێنانی خەباتی چەکداریی راگەیاندووە و چەکەکانی لەناو بردووە، یاسای چوارچێوە رێکاری یاسایی بۆ ئەم دۆخە نوێیە دیاری دەکات”.
باسی لەوەشکرد “بەپێی بڕیارەکانی دادگای مافی مرۆڤی ئەوروپا و دادگای دەستووری، هیچ هۆکارێکی یاسایی نییە بۆ مانەوەی سەڵاحەدین دەمیرتاش و فیگەن یۆکسەکداغ لە زیندان و دەبێت دەستبەجێ ئازاد بکرێن”.
ب ح