مەودا میدیا-
وەزارەتی تەندروستیی هەرێم ئاشکرایکرد حاڵەتێکی تووشبوون بەنەخۆشی تای خوێنبەربوون لە شاری دهۆک تۆمارکرا، کە بریتیە لە پیاوێکی گەنج تەمەن 23 ساڵ، دانشتووی گوندی بازێ لە ئیدارەی سەربەخۆی سۆران بەهۆی بەرکەوتنی بە ئاژەڵی تووشبوو.
وەزارەتی تەندروستیی هەرێم رایگەیاند “تووشبووەکە دوای سەردانی نەخۆشخانە لە شاری دهۆک و گومانلێکردن بە نەخۆشی تای خوێنبەربوون و بوونی نیشانەکانی، چەندین رێکاری دەستنیشانکردن و پشتڕاستکردنەوە و چارەسەری پزیشکی بۆیان گیراوەتەبەر، لەئێستادا لەژێر چاودێری پزیشکی لە نەخۆشخانە خەوێندراوە و چارەسەر وەردەگرێت و باری تەندروستی تا ئێستا جێگیرە”.
ئاماژەی بۆ ئەوەشکرد “داوا لە هاوڵاتییان دەکەن لەکاتی بوونی گومان و نیشانەکانی نەخۆشی لەسەر ئاژەڵ پێویستە تیمەکانی ڤێترنەری ئاگاداربکەنەوە و هاوڵاتییانی بەرکەوتووانی بەخێوکردنی ئاژەڵ یان بەرهەمەکانی ئاژەڵ لەکاتی بوونی هەر نیشانەیەکی ناتەندروست، بەخێرایی سەردانی نەخۆشخانەکان بکەن بێ دواکەوتن”.
ئەوەشی خستەڕوو “تا ئێستا دوای بوونی چەندین حاڵەتی گومانلێکراوی نەخۆشی تای خوێنبەربوون لە هەرێمی کوردستان و هاتنیان بۆ نەخۆشخانە و بەدواداچوون و پشکنین بۆ گومانلێکراوانی ئەمساڵدا لەماوەی ڕابردوو، دەرەنجام تەنها سێ حالەت دەسنیشانکراون و پشتڕاستکراوەتەوە جگە لە دوو حالەتی دیکەی شارەکانی دەرەوەی هەرێمی کوردستان کە بۆ چارەسەری هاتوونە نەخۆشخانەکانی هەرێمی کوردستان”.
ب ح