مەودا میدیا-
هەرچەندە هەندێك جار دەنگۆی دانانی مامۆستای نوێی وانەبێژ بڵاو دەبێتەوە، بەڵام بەرپرسێكی پەروەردە دەڵێت “تا ئێستا هیچ بڕیارێك بۆ دانانی مامۆستای نوێی وانەبێژ لە ئارادا نییە”.
مامۆستا محەممەد ئەحمەد، بەڕێوەبەری گشتیی پەروەردەی گەرمیان بە مەودا میدیای راگەیاند “لە ئێستادا وەزارەتی پەروەردە یان ئەنجومەنی وەزیران هیچ بڕیارێكیان بۆ دانانی مامۆستای نوێی وانەبێژ دەرنەكردووە و روونیش نییە ئاخۆ لە داهاتوودا بڕیاری لەو شێوەیە دەدرێت یان نا”.
وتیشی”ئەوەی هەیە تەنها ئەوەیە كە پێشتر ئەنجومەنی وەزیران و وەزارەتی دارایی هەرێم رەزامەندییان بۆ داواكارییەكی وەزارەتی پەروەردە دەربڕیوە بۆئەوەی لەجێدانان بۆ ئەو مامۆستایانە بكرێت كە بە هەر هۆكارێك واز لە پیشەی وانەبێژی دەهێنن كە ئەوەش زۆر دەگمەنە لە ئێستادا”.
ئاماژەی بۆ ئەوەش كرد” لە لادان و دانانیشدا چانسی زیاتر بۆ ئەو كەسانەیە كە پێشتر وانەبێژییان كردووە و بە هەر هۆكارێك بێت وازیانهێناوە و ئێستا دووبارە داوایان كردووە دابنرێنەوە”.
ئ پ