مەودا میدیا-
ئەندامێکی پەرلەمانی کوردستان لە بەرانبەر دواکەوتنی مووچەی فەرمانبەران و خانەنشینانی هەرێمی کوردستان داوا لە هەژماری من دەکات بەبێ گەڕانەوە بۆ بەغدا مووچەی مانگێک دابین بکات.
بەدەل بەرواریی، ئەندامی پەرلەمانی کوردستان رایگەیاند “با خاوەنی پڕۆژەی (هەژماری من) تەنها بۆ یەک مانگیش بێت، مووچەیەکی فەرمانبەران بێ پشتبەستن بە بەغدا و لە داهاتی خۆی دابین بکات”.
ئەمە لە کاتێکدایە، دواکەوتنی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی 40 رۆژی تێپەڕاندووە و تاوەکو ئێستاش هیچ وادەیەک بۆ هاتنی مووچە لە بەغداوە دیارنییە و بەرپرسانی حکومەتی کاربەڕێکەری هەرێمیش هەڕەشە لەو فەرمانبەر و خانەنشینانە دەکەن کە تاوەکو ئێستا بەشدارنەبوون لە پڕۆژەکەیان.
پرۆژەی هەژماری من بۆ بە بانکی کردنی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێم لە چەند بانکێکی کەرتی تایبەت پێکهاتووە و بەبێ گەڕانەوە بۆ بەغدا یان هاتنی بەشە مووچەی فەرمانبەران لە بەغداوە ناتوانن مووچەی فەرمانبەران دابین بکەن و تەنها بازرگانی بەسەر گیرفانی فەرمانبەران و خانەنشینانی هەرێمی کوردستانەوە دەکەن.
ب ح