دێرین جەمال
ئێمە ئەمڕۆ لەبەردەم وەرچەرخانێکی مێژووییداین کە راستەوخۆ دەست بۆ قووڵترین کایەی بوونی مرۆڤ دەبات، کە ئەویش بیرکردنەوە و داهێنانی ئەدەبییە. دەرکەوتنی ئەم ژیرییە دروستکراوە بۆ نوخبەی رۆشنبیران، شاعیران، نووسەران و رۆژنامەنووسان، دووڕیانێکی هێندە ئاڵۆزی خوڵقاندووە کە لە نێوان خزمەتکردن و کاولکاریی فکریدا هاتووچۆ دەکات.
لە لایەکەوە، وەک ئامرازێکی تەکنیکی و خێرا، ئەم تەکنەلۆژیایە هاوکارییەکی بەرچاو پێشکەش بە ئەرشیف و توێژینەوەی میدیایی دەکات. زانیارییەکان بە خێراییەکی زەبەلاح دەخاتە بەردەست، دەیان سەرچاوە لە ساتێکدا دەپشکنێت و یارمەتی رێکخستنی داڕشتەی بەرایی بیرۆکە ئاڵۆزەکان دەدات. ئەمە وادەکات رۆژنامەنووس یان توێژەر لە زەمەنێکی کەمتردا بڕێکی زۆرتر لە داتا پۆلێن بکات.
بەڵام ئازار و تووڕەییە گەورەکە لای ئەو نووسەر و ئەدیبە رەسەنانەیە کە ساڵانێکی زۆری تەمەنیان بە شەونخونی، خوێندنەوە و رەنجی فکری تێپەڕاندووە تا گەیشتوونەتە ئاستێک خوێنەری تایبەت بە خۆیان رابکێشن. بۆ ئەوانەی لە ناخی وشە تێدەگەن، زانینی سەرچاوە و هەڵقوڵانی نووسین دەناسنەوە و دەزانن وشەی راستەقینە لە کوێوە سەرچاوە دەگرێت، قبووڵکردنی ئەم دەستدرێژییە فکرییە نەخوازراوە زۆر قورس و تاقەتپڕوکێنە. ئەم ئامێرە بێگیانانە جۆرێک لە برینی دەروونییان بۆ ئەو قەڵەمە رەسەنانە دروستکردووە، چونکە دەبینن ئەوەی ساڵانێک لە هەست و ئازار بووە، ئەمڕۆ بە چەند چرکەیەک لەلایەن شاشەیەکی ساردەوە لاسایی دەکرێتەوە.
داڕمانی فکری و کارەساتەکە لەوەدا سەرهەڵدەدات کاتێک ئامێرەکان هەوڵدەدەن جێگەی سۆز، ئەزموون و ئازاری راستەقینەی مرۆڤ بگرنەوە. ئەم بەرنامانە ئەگەرچیش خاوەنی ملیۆنان زانیاری و وشەن، بەڵام بۆ یەک ساتیش خاوەنی چەشتنی ژان، خۆشەویستی، شکانی دڵ و حەسرەتەکانی ژیان نین. کاتێک دەقێک لە ناخ و کڵپەی سۆزی راستەقینەی مرۆڤەوە سەرچاوە نەگرێت، دەبێتە پەیامێکی سارد، بێگیان و دووبارە. لە کایەی رۆژنامەگەریشدا، بەرهەمهێنانی زانیاری لەبریکەکراو، متمانەی گشتی بەرانبەر قەڵەمی ئازاد و هەواڵی بێلایەن لاواز دەکات.
سەرەنجام، حەقیقەتی نووسین هەرگیز لەناو کۆد و هێڵە ساردەکانی کۆمپیوتەردا گەشە ناکات. ئەو وشەی لە ناخ و رۆحی مرۆڤەوە دەنووسرێتەوە، زۆر جیاوازترە لەو دێڕانەی ئامێرێک رێکیاندەخات. هەزاران زانستی فەلەک و تەکنەلۆژیا بێنە پێشەوە، هەرگیز ناگەنە ئەو کڵپەیەی لە ناخی نووسەرێکدا بۆ خوڵقاندنی دەقێک چەکەرە دەکات. نەمری هەر بۆ ئەو وشانەیە کە بە خوێن و هەستی راستەقینەی مرۆڤ دەنووسرێنەوە.
خ.غ