مەودا میدیا-
شارەزایانی ئایتی هۆشداری توند دەدەنە بەكارهێنەرانی ئەندرۆید سەبارەت بە ئەپێكی نوێی سیخوڕیكردن بەناوی DragonDoll كە مۆبایلەكانیان دەكاتە ئامانج و تەواوی وێنە و نامە و نهێنییەكانیان دەدزێت.
شارەزایانی كۆمپانیای پۆزەتیڤ تەكنەلۆجی دەڵێن”دراگۆندۆل دەسەڵاتی تەواو بە هاككەرەكان دەدات بەوەی هەرچییان بوێت لە وێنە و نامەی دەنگی و نوسراو لە ناو مۆبایلی قوربانییەكە بیبەن”.
روونیشیان كردووەتەوە” هاككردنەكە لە رێگەی ماڵپەڕێكی ساختەوە دەكرێت كە تەقلیدی لاپەڕەی رەسمی وێبگەڕی كرۆم دەكات، ئەمەش وایكردووە بەكارهێنەر وێبگەڕەكە ‘نوێبكاتەوە’، دوای ئەوە ئەو بەرنامە زیانبەخشە لەسەر ئامێرەكەی دادەبەزێت، دواتر هاككەرەكان دەتوانن كۆنتڕۆڵی ئامێرە بكەن، بە شێوەیەك دەتوانن شاشەكە داگیرسێنن و بكوژێننەوە، كلیكەكان تۆمار بكەن، وێنەی شاشە بگرن، نامە بخوێننەوە و وشەی نهێنی و PIN لە رێگەی پەنجەرەی رووكارە ساختەكانەوە بگرن. هەروەها بەرنامەكە دەتوانێت لیستی چات و پەیوەندییەكان لە تێلێگرام و واتسئەپ و ڤایبەر بخوێنێتەوە و دواتریش داتا كۆكراوەكان كۆد دەكرێن و دەنێردرێن بۆ سێرڤەری هاككەرەكان”.
ئەوەش لە كاتێدایە وەزارەتی ناوخۆی روسیا لە مانگی حوزەیرانی رابردوودا هۆشداری دابوو كە هاككەران دەستیان كردووە بە بەكارهێنانی بەرنامەیەكی نوێی زیانبەخش بە ناوی Drama RAT بۆ دزینی داتا و قوفڵكردنی مۆبایلەكانی ئەندرۆید.
هاككەرەكان ئەم بەرنامەیە لە رێگەی ئەپی نامە ناردن و نامەی كورت و ئیمەیڵەوە دابەش دەكەن و بەڵێنی دەستگەیشتنی خۆڕایی بە ChatGPT و Yandex.Music و هەروەها VPN ێكی نوێ دەدەن.
ئ پ