چاوی مێژوو

دێرین جەمال

فۆتۆگرافی تەنها هونەری گرتنی دیمەنێک یان راگرتنی ساتێک نییە لە کاتدا، بەڵکوو زمانێکی جیهانییە کە پێویستی بە وەرگێڕان نییە، زمانێک کە راستەوخۆ بە دڵ و عەقڵی مرۆڤایەتی دەدوێت.

لە رۆژی جیهانیی فۆتۆگرافەراندا، کاتێک ئاوڕ لە جیهانی دەوروبەرمان دەدەینەوە، بە روونی دەبینین کە فۆتۆگرافەران نەک تەنها تۆمارکەری رووداوەکانن، بەڵکوو پارێزەری بیرەوەریی کۆمەڵایەتی و شایەتحاڵی مێژووی سەردەمی خۆیانن.

کاتی خۆشیی بێت یان ناخۆشی، رۆڵی فۆتۆگرافەر لە چەقی رووداوەکاندا بە جۆرێکە بێ ئەوان حیکایەتەکان ناتەواو دەمێننەوە.

وەک رۆژنامەنووسێکیش، لە نزیکەوە دەبینم چۆن هەوڵ و ماندووبوونی ئەم هاوڕێ و هاوپیشانەم دەبێتە رۆح بۆ وشەکانمان و راستییەکان بەبێ پەردە دەیگەیەنێتە هەموان.

لە کاتەکانی ناخۆشی و تەنگانەدا، وەک جەنگ، کارەساتی سرووشتی و قەیرانە مرۆییەکان، فۆتۆگرافەر دەبێتە دەنگی بێدەنگەکان.

ساتی ئەوەی کە فۆتۆگرافەرێک کامێراکەی رووبەڕووی وێنەی خەم، ئازار یان وێرانی دەکاتەوە، کارێکی زۆر لە تۆمارکردنی وێنەیەک گەورەتر دەکات، ئەو وێنەیە دەبێتە بەڵگەیەکی حاشاهەڵنەگر بۆ راستییەکان.

چەندین جار لە مێژوودا تاکە فۆتۆیەک توانستی ئەوەی هەبووە ویژدانی جیهان بجووڵێنێت، جەنگەکان رابگرێت و هاوکاریی کۆمەڵایەتی بۆ لێقەوماوان بپێچێتەوە. فۆتۆگرافەری رووداوە سەختەکان ژیانی خۆی دەخاتە مەترسییەوە تاوەکو راستییە شاراوەکان بگەیەنێتە جیهان، ئازاری مرۆڤەکان بێدەنگ نەکرێت و تاوانەکان لە بیرنەچنەوە.

لە لایەکی دیکەوە، لە ساتی خۆشی و سەرکەوتنەکاندا، وەک فێستیڤاڵ، سەرکەوتنی وەرزشی، یەکگرتنەوەی خێزانەکان یان ئاهەنگە کولتوورییەکان، فۆتۆگرافەر دەبێتە خوڵقێنەری هیوا. لە چاوی ئەو، بزەی سەر لێوی منداڵێک یان شادمانیی گەلێک بە زیندوویی دەهێڵێتەوە. ئەم وێنە گەش و پرشنگدارانە یادخەرەوەی ئەوەن کە لە جیهانێکدا کە پڕییەتی لە ناخۆشی، هێشتا جوانی، ئەوین و هیوا بوونی هەیە.

گرنگیی فۆتۆگرافەران لە پەیوەندییە مرۆییەکەیاندایە لەگەڵ جیهان. ئەوان توانای ئەوەیان هەیە بە تێپەڕبوونی ساڵەکان، هەست و سۆزی ئەو ساتەوەختانەمان بۆ بگێڕنەوە کە لەدەستمان داون. کامێراکەی ئەوان دەبێتە پردێک لە نێوان رابردوو و داهاتوودا، رێگەمان پێدەدات لە مێژوو تێبگەین، وانەی لێوە وەربگرین و جوانییەکانیش بەرز بنرخێنین.

خ.غ

بابەتی تر

نوێترین هەواڵەکان