بەندەری مینای فاو دوای تەواوبوونی كارەكان دەچێتە قۆناغی تاقیكارییەوە

مەودا میدیا-
ئەمڕۆ هەینی، وەزارەتی گواستنەوە و گەیاندنی عیراق رایگەیاند “پێشكەوتنی بەرچاو لە پرۆژەكانی بەندەری مینای فاو بەدیهاتووە و لێرە بەدوا دەچێتە قۆناغی تاقیكارییەوە، چونكە زیاتر لە 90%ـی پلانەكانی “رێگای گەشەپێدان” كۆتایی پێهاتووە”.

حسێن ئەحمەد، بەڕێوەبەری راگەیاندن و پەیوەندییە حكومییەكان لە وەزارەتی گواستنەوە و گەیاندن رایگەیاند “پڕۆژەی بەندەری مینای فاو پێشكەوتنی بەرچاو لە دروستكردنیدا بەدیهاتووە و رێژەی تەواوبوونی گەیشتووەتە 98% .

وتیشی “گەیاندنی هەندێك ئامێر بۆ بەندەرەكە بەهۆی قەیرانی گەرووی هورمزەوە دواكەوتووە، هەرچەندە دروستكردنی بەشە سەرەكییەكانی پڕۆژەكە وەكو جێگەی دانیشتن و حەوشەی ئاڵوگۆڕكردن، پێشتر تەواو ببوون”.

ئاماژەی بەوەشكرد “بڕیارە پڕۆژەكە لە ماوەیەكی نزیكدا بچێتە قۆناغی تاقیكارییەوە، چونكە هەموو كارەكان بە تەواوی كۆتاییان هاتووە، هەركاتیش گونجاو بوو ئەوا قۆناغی تاقیكاری دەستپێدەكات”.

باسی لەوەشكرد “پڕۆژەكە كێبڕكێ لەگەڵ دەستپێشخەرییە ناوچەییەكانی دیكە ناكات، بەڵكو تەواوكەری ئەوانە و وەك بڕبڕەی پشتی پڕۆژەی ستراتیژی رێگای گەشەپێدان كاردەكات”.

جەختی لەوەش كردەوە “بەكارهێنانی بەندەرەكە دەرفەت دەخوڵقێنێت و پێگەی عیراق وەك ناوەندێكی ستراتیژی ناوچەیی بۆ گواستنەوە و هاوكاری ئابووری بەهێزتر دەكات”.
ئ پ

بابەتی تر

نوێترین هەواڵەکان