مەودا میدیا-
نوێنەری گشتیی مامۆستایانی گرێبەست لە هەرێمی کوردستان سەبارەت بە گەڕاندنەوەی وانەبێژانی لادراو لە هەردوو وەزارەتی خوێندنی باڵاو توێژینەوەی زانستیی و پەروەردەی هەرێم، هەواڵی خۆش بەو توێژانە دەدات.
عەلی رەئوف مستەفا، نوێنەری گشتیی مامۆستایانی گرێبەست بە مەودا میدیای راگەیاند “ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان بە بڕیارێک شوێنگرتنەوەی مامۆستایانی گرێبەستی بە وانەبێژە لادراوەکان راگرت، بەڵام لەئێستادا سەرقاڵی رێکاری نوێیە بۆ گەڕاندنەوەیان”.
ئاماژەی بۆ ئەوەشکرد “مامۆستایانی وانەبێژی لادراو لە هەردوو وەزارەتی خوێندنی باڵاو پەروەردە لە بڕیارەکە سوودمەند دەبن هەروەها دەرچووانی دانەمەزراویش دەگرێتەوە”.
ئەمە لە کاتێکدایە، نزیکەی 730 مامۆستای وانەبێژی لادراو پێش دەرچوونی بڕیاری بە گرێبەستکردنیان لەلایەن حکومەتی هەرێمی کوردستانەوە بەشێوازی جۆراوجۆر لە کارەکانیان دوورخراونەتەوە و ماوەی دوو ساڵە ئەو وانەبێژانە داوا دەکەن بیانگەڕێننەوە سەرکارەکانیان و بڕیاری بە گرێبەستکردن ئەوانیش بگرێتەوە.
ژمارەی مامۆستایانی گرێبەستی وەزارەتی پەروەردە 37 هەزار و 933 مامۆستایە و ژمارەی مامۆستایانی خوێندنی باڵا چوار هەزار و 100 مامۆستایە، کە کۆی گشتیی ژمارەی مامۆستایانی گرێبەستی هەر دوو وەزارەتی پەروەردە و خوێندنی باڵا 42 هەزار و 33 مامۆستایە و مووچەکانیان لەسەر داهاتی ناوخۆ دابین دەکرێت.
ب ح