وەرزی دابارینی داهاتوو وشکەساڵی روونادات

مەودا میدیا-

شارەزایەکی بواری کەشناسیی ئاشکرایکرد وەرزی دابارینی داهاتوو لەهیچ ناوچەیەکی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست وشکەساڵی نابێت و تائێستا نیشانەکان بۆ هەرێم و عیراقیش زۆر دڵخۆشکەرن بۆ وەرزی دابارینی داهاتوو.

شاڵاو هیدایەت، شارەزای بواری کەشناسی بە مەودا میدیای راگەیاند “رێڕەوی بای شەماڵ ئەمساڵ زۆر بەئاستێکی بەرز چالاکی هەیە بەتایبەت لەسەر ناوچەکانی ناوەڕاست، باشوور و رۆژئاوای عیراق کە تائەوکاتانە و بەراورد بەپار بای شەماڵ زۆر زیاترە و ئەگەر مانگەکانی (هەشت و نۆ) چالاکیی بای شەماڵ وا بەردەوام بێت یان نیشانەی تر کە رووبدەن وەک هاتنی شەپۆلی باران لەدەریای ناوەڕاستەوە ئەوا کۆی وەرزی دابارینی داهاتوو لە پار باشتر دەبێت”.

ئاماژەی بۆ ئەوەشکرد “بارانبارین دەچێتە سەرووی نۆرماڵ گەر ئەمانەش بەوشێوەیە روونەدەن وەرزی دابارینی داهاتوو هەر زۆر باش دەبێت، چونکە زەریاکان بەشی زۆریان گەرمن و کێشەی کەمی شێیان نابێت بۆ چڕ بوونەوە،”.

ئەوەشی خستەڕوو “چەند رۆژێکە شەپۆلێکی گەرمای تاڕادەیەک بەهێز سەرجەم ناوچەکانی گرتووەتەوە ولەگەڵیدا رەشەبا چالاکە لە زۆرێک ناوچەکان پێشبینی دەکەن رەشەبا تاوەکو سێشەمە بەردەوام بێت لەکاتەکانی دوانیوەڕۆی سێشەمەو بەولاوە بەتایبەتی بەهۆی چالاک بوونەوەی بای شەماڵ بەڕووی ناوچەکاندا چالاکی رەشەباکە کۆتایی بێت”.

باسی لەوەشکرد “بۆ چوارشەمەوە رۆژانی دواتر بای شەماڵ باڵادەستی بەتەواوی بەسەرناوچەکاندا دەبێت و پلەکانی گەرما بەڕێژەی (2 تا 3 پلە) دادەبەزنەوە ، دوای ئەم دابەزینە ئەگەری دابەزینی تر له ئارادایه بەس بەهۆی دووری مەودای ئەگەری گۆڕانکاریی هەیه و جارێ تەواو جێگیر نییە”.

ب ح

بابەتی تر

نوێترین هەواڵەکان