مەودا میدیا-
لێپرسراوی مەڵبەندی خانەقینی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان ئاشکرایکرد شەپۆلێکی نویێ عەرەبی هاوردە بۆ ناو شاری خانەقین دەستیپێکردووە و ئەمەش پێشێلکاریی ماددەی (140)ی دەستووری عیراقە.
کاروان یاروەیس، لێپرسراوی مەڵبەندی خانەقینی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان بە مەودا میدیای راگەیاند “رووبەڕووی ئاڵەنگارییەکان لە ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم دەبنەوە و لەم نێوەندەشدا هەموو لایەنە کوردستانییەکان یەکدەنگن”.
ئاماژەی بۆ ئەوەشکرد “بە پێچەوانەی قۆناغی ئاساییکردنەوە و جێبەجێکردنی ماددەی (140) هەندێک ناحیە لە سنوورەکە دەکرێن بە قەزا و ناحییەکانی دەوروبەر دەخرێنەسەر ئەو قەزایانە، لە جێبەجێکردنی مامەڵەی هاوڵاتیانیشدا کار بە ماددەی (140) ناکرێت، ئەم هەنگاوانەش پێشێلکارییەکی ئاشکرایە”.
ئەوەشی خستەڕوو “دەنگێکی نەشاز بە مەرامی سیاسیی و کەسیی دەیەوێت دۆخی شارەکە ئاڵۆز بکات، وای نیشانبدەن کە خانەقین شوێنی پێکەوەژیانی تێدا نەماوە و خەڵکی غەیرە کورد دەردەکرێت، بەڵام ئەوان داکۆکیکاری مافەکانی خەڵکی کوردستان دەبن و پەیوەندیی نێوان پێکهاتەکان دەپارێزن”.
ب ح