مەودا میدیا-
شەوی رابردوو دەزگای ئاسایشی هەرێمی کوردستان لە قەزای خورماڵی سەربە پارێزگای هەڵەبجە رووبەڕووی ئەمیرێکی داعش بووەوە و لێکۆڵینەوە لە رووداوەکە بەردەوامە، سەرجاوەیەکیش لە قەزای خورماڵ وردەکاریی پلانی ئەمیری شەرعی گرووپەکە ئاشکرا دەکات.
سەرچاوەیەک لە قەزای خورماڵ بە مەودا میدیای راگەیاند “لەماوەی دوو هەفتەی رابردوودا ئاسایش چاودێری وردی جموجۆڵەکانی ئەمیری گرووپەکە بەناوی (ریاز ئەبوبەکر) کردووە و بەردەوام لە رێگەی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانەوە راوێژی بە ئەندامەکانی کردووە کە ژمارەیان 22 کەس بووەو لە دەرەوەی خورماڵ دەستگیرکراون”.
ئاماژەی بۆ ئەوەشکرد “ئەمیری گرووپە چەندین پارچە چەکی بۆ ئەندامانی گرووپەکەی کۆکردووەتەوە و پێش دەستگیرکردنی فەرمانی بە ئەندامانی گرووپەکەی کردووە لە ناوەڕاستی ئەم مانگەوە دەستبکەن بە تیرۆرکردنی کەسایەتییە ئەمنیی، ئیداریی و سیاسییەکان لەسنووری پارێزگای هەڵەبجە”.
باسی لەوەشکرد “دوای گەیشتنی مەفرەزە هاوبەشەکانی ئاسایش (ریاز ئەبوبەکر) ئەمیری گرووپەکە هەوڵی هەڵهاتنی داوە بەڵام چواردەوری ماڵەکەی بە هێزەکانی ئاسایش گیراوە و ناچار چووەتەسەربان و دەستی بە تەقەکردن کردووە، دواتر بەبێ برینداربوون دەستگیرکراوە”.
ب ح