مەودا میدیا-
ئەندامێکی پەرلەمانی کوردستان ئاشکرایکرد شاندی هەرێم لە گفتوگۆکاندا هەڵەیان کردووە زیانەکەش بۆ خەڵکی کوردستانەو هەوڵدان بۆ دروستکردنی پشتیوانی حزبی لە حکومەتی هەرێم، هیچ پێشکەش بە خەڵک ناکات و هیچ لە راستییەکان ناگۆڕێت.
عەلی حەمەساڵح، ئەندامی پەرلەمانی کوردستان رایگەیاند “پێویست بوو شاندی هەرێم پێش گفتوگۆکردن لەگەڵ وەزارەتە پەیوەندیدارەکانی بەغدا و خستنەڕووی خواستی هەرێمی کوردستان، زۆرترین راوێژیان لەگەڵ فراکسیۆن و لیژنە پەیوەندیدارەکانی پەرلەمانی عیراق بکردایە”.
ئاماژەی بۆ ئەوەشکرد “داواکردن و پێداگریی ژمارە هەڵەیە، چونکە ئەم دۆخە بەردەوام بێت، داهاتی ساڵی ئایندەی عیراق ناگاتە (70 ترلیۆن) دینار، کە شاندی هەرێم راستەوخۆ داوای (29 ترلیۆن) دیناریان کردووە، بەڵام ئەوان دەترسن و رەتیانکردووەتەوە”.
ئەوەشی خستەڕوو “دەبێت لە بری شەڕی ژمارە، پێداگریی لەسەر شایستەیی بکەن، فەرمانبەرو پلە بەرزکردنەوە، خانەنشین و گرێبەست، دامەزراندن و بەنزین و نەوت، خاوەن پێداویستی تایبەت و بەشەخۆراک و دەرمان و پرۆژە لە هەرێمی کوردستان وەک شارەکانی تری عیراق.”.
باسی لەوەشکرد “دەبێت کۆی نەوتی هەرێم لەلایەن عیراقەوە بیفرۆشێت، داهاتی ناوخۆی هەرێم بەپێی یاسای (ئیدارەی مالی) مامەڵەی لەگەڵ بکرێت، بۆیە ئەوان وەک هەڵوێست حزبیانە مامەڵە لەگەڵ ئەم پرسە ناکەن، فراکسیۆنەکەیان پرۆژەیەکی نیشتیمانی ئامادەکردووە لەچوارچێوەی مافی هاوڵاتییبوون، بەمشێوەیە لە پەرلەمان کاردەکەن و ئەگەر شاندی هەرێم جددین دەتوانن سەردانی بەغدا بکەن و لەگەڵ پەرلەمانتارانی هەوڵوێست کۆببنەوە”.
ب ح