مەودا میدیا-
بڕیارە سبەی چوارشەممە 23ـی ئەیلول، ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی كوردستان كۆببێتەوە و تیایدا پرسی یەكخستنەوەی هێزەكانی پێشمەرگە، یەكسانكردنی مووچەی پێشمەرگە لەگەڵ سوپای عیراق و پێشنیازی جێبەجێكردنی یاسای فیدراڵیی كۆمپانیا گشتییەكان لە هەرێمی كوردستان تاوتوێ دەكرێت.
لە كۆبوونەوەكەی سبەینێدا راپۆرتێكی تایبەتی شۆڕش ئیسماعیل، وەزیری كاروباری پێشمەرگە تاوتوێ دەكرێت سەبارەت بە پرۆسەی یەكخستنەوەی هێزەكانی پێشمەرگە، جگەلەوەش جێبەجێكردنی یاسای فیدراڵیی كۆمپانیا گشتییەكان لە هەرێم تاوتوێ دەكرێت.
بەپێی كارنامەی كۆبوونەوەكە، تەوەری یەكەمی دانیشتنەكە تەرخان دەكرێت بۆ تاوتوێكردنی راپۆرتی وەزیری پێشمەرگە سەبارەت بە یەكخستنەوەی هێزەكان لەژێر چەتری وەزارەت، هەنگاو و پلانەكانی قۆناغی داهاتووی پرۆسەكە، پرسی تەرخانكردنی پێداویستییە داراییەكانی وەزارەتی پێشمەرگە و هەوڵەكان بۆ یەكسانكردنی مووچە و شایستە داراییەكانی پێشمەرگە لەگەڵ هاوتاكانیان لە بەغدا.
لە تەوەری دووەمیشدا وەزیری بازرگانی و پیشەسازی، پێشنیازی جێبەجێكردنی یاسای فیدراڵی كۆمپانیا گشتییەكان ژمارە 22ـی ساڵی 1997ـی هەمواركراو لە هەرێمی كوردستان دەكات.
ئ پ